وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ٧ میلیۆن دۆلار خەڵاتی لەهەمبەر پێدانی زانیاری بۆ دۆزینەوەی شوێنی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی حیزبوڵای لوبنان و بەرپرسی ئاسایشی دەرەوەی ئەو گرووپە دیاری کردووە.
بەرنامەی “خەڵات بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری” سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە لاپەڕەی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، ڕایگەیاند کە ٧ میلیۆن دۆلاری وەکوو خەڵات بۆ ئەو کەسی کە زانیاری لەسەر شوێنی” تەلال حەمیە” بەرپرسی دەفتەری ئاسایشی درەوەی حیزبوڵای لوبنانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بدات، دیاری کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەکەیدا سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە “تەلال حەمیە” بەرپرسی چالاکییە تێرۆریستییەکانی حیزبوڵای لوبنان لە هەموو جیهاندایە ڕایگەیاند کە حیزبوڵای لوبنان لە هەموو وڵاتانی جیهاندا تیمی تێرۆری بە شێوەیەکی ڕێکخراو دامەزراندوە کە بەرپرسی ئاسایشی دەرەوەی ئەو ڕێکخراوەیە ڕاستەوخۆ پلانە تێرۆریستییەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی لوبنان جێبەجێ دەکا.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە بەرپرسی ئاسایشی دەرەوەی لوبنان بەرپرسە لە هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەڕێوەبردنی کردەوە تێرۆریستییەکانیان بە تایبەتی لەو دوو وڵاتە.