ڕۆژنامەی کەیهان لە نوێترین ژمارەی خۆیدا لە بابەتێکدا لەسەرتاڵیبان دەنووسێ: بە پێچەوانەوەی گرووپی داعش، تاڵیبان هێزێکی میللییە.
ڕۆژنامەی کەیهان کە نزیک لە عەلی خامنەییە، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە نوێترین ژمارەیدا بە ئاماژە بەوەیکە داعش بە مەبەستی بەچۆکداهێنانی هێڵی بەرگریی لە ئێران، عێراق، سووریە و لوبنان ڕژابوونە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنووسێ: گرووپی تاڵیبان تەنانەت ئەگەر زیاتر بۆ لای سەلەفییە ڕادیکاڵەکان ڕۆیشتووە تەنیا دەیهەوێت لە ئەفغانستان حکوومەت بکا و تاڵیبان هێزێکی میللییە.
ئەو ڕۆژنامەیە بۆ دووهەمین جار لە پشتیوانیکردنی لە گرووپی تاڵیبان دەڵێ: گرووپی تاڵیبان دەیانهەوێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ وەکوو ئێران، پاکستان و ڕووسیە پێوەندییەکی باشیان هەبێ.
جێگای ئاماژەیە کە سەرنووسەری ڕۆژنامەی کەیهان لەلایەن عەلی خامنەییەوە دیاری دەکرێ و هەر بۆیە زۆربەی ڕەخنەگران و چالاکانی سیاسیی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو ڕۆژنامەیە ڕاستەوخۆ ڕوانگە و بیر و بۆچوونەکانی خامنەیی بڵاو دەکاتەوە.