وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند کە زانیارییە تۆمارکراوەکانی کامێرای چاودێری دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران، تا ئەو کاتەی نەگەین بە ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی بەشدار لە وتووێژە ناوکییەکان، نادەین بە ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی.
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە مێمۆرییەکانی کامێرا چاودێرییەکان بەهۆی پڕبوونەوە دەگۆڕدرێن بەڵام ئەو مێمۆرییانە نادرێن بە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە.
هەر لەم پێوەندییەدا شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە، ڕۆژی دووشەممە بەمەبەستی تاوتوێکردنی دوو ڕاپۆرتی ڕۆژانی ڕابردووی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نێونەتەەیی وزە لەهەمبەر پێشێلکارییە ناوکییەکانی ئێران کۆدەبێتەوە و دەیهەوێت بڕیارێکی یەکلاکەرەوە دەربکا.
شڕۆڤەکارانی سیاسیی لەسەر ئەو باوەڕەن کە بەهۆی پێشێلکردنی بەردەوامی ڕێککەوتنی ناوکیی لەلایەن ئێرانەوە و هەروەها وەدواخستنی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لەلایەن بەرپرسانی تارانەوە، پەروەندەی ناوکیی ئێران دەدرێتەوە بە شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.