ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیی، چەندین کەسی ئێرانی بە ناوەکانی” مێهدی کیاستی، فەرشاد جەعفەر حاکمزادە، سەید ڕەزا، سەید محەممەد قاسمی، موحسێن حەسەن کارگەر، حوجەت مەحموود ئەحمەد و ئیبراهیم مەحموود ئەحمەد”ی خستە لیستی ڕەشێ کەس و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرمیی ئیمارات “وام”، دەوڵەتی ئیمارات ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە چوارچێوەی بە ئامانج کردنی ئەو کەس و رێکخراوانەی کە پێوەندییان بە دابینکردنی ماڵیی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە هەیە و بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم لەو وڵاتە، ٣٨ کەس و ١٥ ڕێکخراوی خستە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستەکانەوە و هەروەها داوای لەم هەموو دامودەزگا پێوەندیدارەکانی ئیماراتی کردووە کە گومان لە هەر کەس و ڕێکخراوەیەک دەکەن کە پێوەندیی بە دابینکردنی دارایی بۆ گرووپە تێرۆریستەکانەوە هەیە، بە خێراترین کات لایەنە پێوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.
جێگای ئاماژەیە کە ئەو ٣٨ کەس و ١٥ڕێکخراوەیە، کەسان و ڕێکخراوگەلێک لە وڵاتانی ئێران، ئیمارات و عێراق لەخۆدەگرێ کە لەلایەن وڵاتی ئیماراتەوە خراونەتە لیستی کەس و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.