بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە ڕێگای نێوان مەهاباد بۆ نەغەدە دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات گیانی لەدەستدا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕێگای مەهاباد بۆ نەغەدە بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ خاتوو “ئەستی ئیلاهی” دایکی شەهید بایزید ئیلاهی، گیانی لەدەستدا.
دایە ئەستی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و دێموکراتدۆست و پێشمەرگەپەروەر لە گوندی قەڵاتاسیانی ناوچەی ڕەبەت ژیاوە لە هیچ هاوکارییەکی کادر و پێشمەرگە و تێکۆشەرانی دێموکرات درێغیان نەکردووە.
شایانی باسە کە کوڕێکی دایە ئەستی بە ناوی “بایزید ئیلاهی” بۆماوەی چەند ساڵ لەنێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا بووە و پێشمەرگەیەکی ئازا و فیداکار بوو و لەنێو هاوڕێ و هاوسەنگەرانیدا خۆشەویست و جێگای ڕێز وحورمەت بوو؛ ناوبراو بەرپرسی یەکیەتی لاوانی ئەو ناوچەیە بوو و لە شەڕ و دەرگیری لەگەڵ دوژمن لەسەر جادەی پیرانشار- سەردەشت، لە ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی، گیانی فیدای گەل و نیشتمانەکەی کرد و پەیوەست بوو بە کاروانی نەمرانەوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی دایە ئەستی و خزم و کەسوکاریان وخەڵکی ناوچەی ڕەبەت دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.