لە سنووری بانە چوار کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران کوژران و بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزەکانی چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ناوچەی سنورییەکانی بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لە ئاکامی تەقەی ئەو هێزانەدا کۆڵبەرێک بە ناوی “ڕەسووڵ کەریمی” تەمەن ٣٢ ساڵ گیانی لەدەستدا.
هەروەها سێ کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی محەممەد، ڕامیار و شێرزاد، بە سەختی بریندار بوون.
بەهۆی دۆخی خراپی ئابووریی لە کوردستان و نەبوونی هەلی کار و هەژاری، بەشێکی بەرچاو لە خەڵک بەناچار بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان ڕوو دەکەنە کۆڵبەری و ڵەو ڕێگایەشدا ساڵانە بە سەدان کەس لە ناوچە سنوورییەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی دەکوژرێن و بریندار دەبن هەر لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٢٠ کۆڵبەر بەتەقەی ئەو هێزانە کوژراون یان بریندار بوون.