یەکیەتی ئورووپا و ڕووسیە پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەکەن کە لە درێژەی سەفەری سکرتێری گشتیی ئاژانسی وزەی ناوکیی بۆ تاران ڕووی داوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، “ئانریکێ مورا” جێگری بەرپرسی گشتیی دامەزراوەی هەنگاوە دەرەکییەکانی یەکیەتیی ئورووپا، لە تویتێری خۆیدا نووسی: ئەو ڕێککەوتنە هەنگاوێکی باشە بە نیسبەت درێژەی چاوەدێری لەسەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران و کەشی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە فراوانتر دەکاتەوە و پێویستە چاوەدێریی وردتری لەسەر بێ.
ڕافائێل گڕووسی سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، لەسەر ڕێککەوتنی خۆی لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە تاران ڕایگەیاند؛ لەسەر پێوەندی لەگەڵ سرویسەکانی چاوەدێری بەرنامەی ناوکیی، تۆمارکردنی فیلم لە چالاکیی سایتەکانی ناوکیی ئێران و درێژەی دانوستانەکان، ڕێککەوتوون.
ئەوە لە حاڵێکدا کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئیزنیان بە لێکۆڵەران نەداوە کە دەستیان بە زانیارییەکانی کامێرا چاوەدێرییەکان بکەوێ و ڕێژیم، دەستپێڕاگەیشتی ئاژانسی بە زانیارییەکانی کامێراکانی چاوەدێرێ پێوەندی داوە بە گەمارۆکانی ئەمریکاوە و دەڵێ؛ دەبێ ئەمریکا گەمارکان کەم بکاتەوە.
ئانریکێ مورا، لە درێژەی تویتێرەکەی خۆیدا باسی لەوە کرد کە، ئامانجی یەکیەتیی ئورووپا بەڕێوەچوونی ڕێککەوتنی ناوکییە بە هاوکاری هەموو لایەکەوە و بۆ ئەو کارە گرینگە دەبێ ڕێککەوتنی “ڤییەن” لەکات و شوێنی خۆیدا دەستپێبکاتەوە.