چەند ڕێکخراوی چالاکی مافی مرۆڤی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا هێرش بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتییان لەلایەن سپای پاسدارانەوە مەحکووم کرد.
چەند ڕێکخراوی چالاکی مافی مرۆڤی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ویڕای مەحکوومکردنی ئەو هێرشانەی سپا بۆ سەر حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران و ڕەخنە لە بێدەنگی و بێهەڵوێستی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و کۆمەڵگای جیهانیی، ڕایانگەیاندووە: چارەسەری پرسی کورد بە ڕێگای تێرۆر، ئێعدام، دەسبەسەرکردن، هێرشی نیزامی و هەڕەشەکردن چارەسەر نابێ و دانپێدانان بە خواستی نەتەوەی کورد و پێدانی مافی ڕەوا، یاسایی و سروشتی کورد و چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد تەنیا ڕێگایەکە کە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دروست دەکا.
لە بەشێکی ڕاگەیەنداوەکەدا هاتووە کە: هەروەک ئاگادارن لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا درۆنە بۆمبڕێژکراوکان و تۆپخانەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم، بە چڕی ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان لەوانە «سیدەکان، بەربزین، چۆمان و بەرزاییەکانی ناوچەی سنووری حاجی ئۆمەران»یان بە بیانووی هەبوونی مەقەڕ و بارەگای حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی بۆردومان کرد و لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا زیانی ماڵی و ژینگەیی بە ناوچەکە و خەڵکی نیشتەجێی ئەو سنوورانە گەیشت و بوو بە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی زۆر.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ڕوو دەدەن کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو «محەممەد پاکپوور» فەرماندەی هێزی زەوینی سپای پاسداران هەڕەشەی لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و خەڵکی دانیشتووی دەوروپشتی بارەگاکانی ئەوان کرد.
هەر بۆیە، ئێمە ڕێکخراوەکانی چالاک لە بواری مافی مرۆڤ لە کوردستان، هێرشی سەربازی و چەکداری بۆ سەر حیزبەکانی کوردستان و هەروەها بێدەنگی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و کۆمەڵگەی جیهانی لە بەرامبەر ئەم جۆرە کردەوانەدا بە توندی مەحکووم دەکەین و وێڕای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان خوازیاری کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر چالاکانی سیاسی و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانین.
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان