رۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ١٢ی سێپتامبری ٢٠٢١ ھەزاران کەس لە ئەندام و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شار و شارۆچکەکانی بریتانیاوە بەبۆنەی ٣ھەمین ساڵوەگەڕی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات لەلایەن ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران و هەروەها ٢٩ھەمین ساڵیادی تێرۆری ناجوامێرانەی ڕێبەر و سەرکردەی زانا، دوکتور سادق شەرەفکەندی لە شاری لەندەن و لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەوە.
سەرەتای خۆپیشاندان بە خۆێندەوەی سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و ساتێک بێدەنگیی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستیپێکرد.
دواتر هاوڕێ “کاوە مۆدەڕێسی” ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا وێڕای بەخێرھاتن و سپاسی ھەزاران خۆپیشاندەر کە وەکوو ئەرکێکی نیشتمانی و رێزگرتن لە شەھیدانی کوردستان بە تایبەتی شەھیدانی ١٧ی خەرمانان لە ڕێگای دوور و نزیکەوە بەشدار بوون، چەندین پەخشان و سرودی پێشکەش کرد. پاشان ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ساڵوەگەڕی کارەساتی ١٧ی خەرمانان لەلایەن بەڕێز ” فەرید دەیھیم” بەرپرسی کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
هەروەها بەیاننامەی دەفتەری سیاسی بەبۆنەی سێهەمین ساڵوەگەڕی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات لە بەشی دووهەمی ئەو خۆپیشاندانە بەربڵاوە لەلایەن هاوڕی “ئەدیسۆن فەرامەرزی” بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە بریتانیا بۆ ئامادەبووان خۆێندراوە.
ھاوکات لەگەڵ خۆپیشاندان، پەیامی”کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ” “شۆڕای دیمۆکراسی خوازانی ئێران و “پێوەندی بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران” بۆ مەحکوومکردنی کارەساتی ١٧ی خەرمانان و تۆپبارانکردنی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لەلایەن بەرێز “رەحیم بەندوویی” بە زمانی فارسی پێشکەشکرا.
لە بەشی کۆتایی خۆپیشاندانەکە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ھەڵکردنی مۆم یاد و ناوی ھەموو شەھیدانی کوردستان بە تایبەتی شەھیدانی ١٧ی خەرمانانیان بەرز ڕاگرت و پەیمانیان لەگەڵ رێگا و رێبازی شەھیدان نۆێکردەوە.
شایەنی باسە پەیامی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کارەساتی ١٧ی خەرمانان و ھەروەھا پەیامی بەرێز “خالید عەزیزی” سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر تۆپبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لەلایەن کۆماری ئێسلامیی ئێران بە زمانی ئێنگلیزی و بە شێوازێکی بەربڵاو بۆ ئاگاداری خەڵکی لەندەن بڵاو کراوە.