سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، داوای لە وڵاتانی زلهێزی جیهان کردووە کە دەبێ کۆتایی بە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بێنن.
نەفتاڵی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ وتی: ئێمە دەزانین بە چ شێوەیەک ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران ببینەوە و بە دڵنیاییەوە هەموو هەوڵێکی خومان بەدژی ڕێژیمی ئێران وەگەڕ دەخەین.
هەر لەم پێوەندییەدا بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە ئاماژە بەوەیکە ئێستا کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێرانە وتی: ڕێژیمی ئێران هیچکات پێبەند نەبوو بە ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانیی و هیچ ئەگەرێکیش لە ئارادا نییە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دواڕۆژدا پێبەند بێ بە بەڵێنەکانی و داوای لە وڵاتانی بەشدار لە ڕێککەوتنی ناوکیی کردووە کە گەمارۆی قورس بخەنە سەر ئێران.
لەلایەکی دیکەوە یائێر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر کۆمەڵگەی جیهانیی پێش لە دەسپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکیی نەگرێ، ئیسرائیل بە تەنیایی ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران دەبێتەوە.
بێنی گانتس، ڕۆژی یەکشەممە لە زانکۆی” ڕایشمەن” وتی: گرووپە تێرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە بنکەیەکی سەربازیدا لە کاشان خەریکی ڕاهێنانی چۆنیەتی کەڵکوەرگرتن لە فڕۆکەی بێفۆکەوانن و ئێران و گرووپە تێرۆریستییەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەرپرسن لە دەیان هێرشی تێرۆریستی.