کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە هەڕەشە و هێرشەکانی ئەم دواییەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر باشووری کوردستان و هێزە کوردستانییەکانی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند: ئەمە دۆخێکی نوێیە و ئەنجامی خراپیشی لێدەکەوێتەوە ئەگەر هێزە کوردستانییەکان هەڵوێستیان بەرامبەری نەبێت.
پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین فەرماندە و بەرپرسی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەیان لە باشووری کوردستان کرد و پاشان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانە بۆردومانی و تۆپبارانی چەند دەڤەرێکی سنوری پارێزگای هەولێریان کرد کە بنکە و بارەگای هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تێدایە، دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە بە ڕاگەیەندراوێک ئەو کردەیەی ڕێژێمی ئێرانی شەرمەزار کرد.
کەنەکە هەڕەشە و هێرشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر باشووری کوردستان و هێزە کوردستانییەکان بە دۆخێکی نوێی دەزانێت و ڕایگەیاندووە: دۆخەکە ئەنجامی خراپیشی لێدەکەوێتەوە ئەگەر هێزە کوردستانییەکان هەڵوێستیان بەرامبەری نەبێت.
دەقی تەواوی ڕاگەیەندراوەکەی کەنەکە بەو شێوەیە:
هەڕەشە و هێرشەکانی دەولەتی ئێران بۆ سەر باشووری کوردستان و هێزە کوردستانییەکان شەرمەزار دەکەین
دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی ئێران ماوەیەکە هەڕەشە لە هێزە کوردستانییەکان دەکەن. چەند رۆژێکە هێرشی ئاسمانییان دەستپێکردووە. ئێران پێش ئێستاش چەندین جار بە تۆپ و مووشەکی دوورهاوێژ هێرشی کردووە. لەم چەند رۆژەی دواییشدا دەستی بە هێرشی ئاسمانی کردۆتەوە. لە ماوەی هەفتەیەکدا دوو جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ناوچەکانی برادۆست و باڵەکایەتی بوردمان کردووە و بارەگاکانی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کردۆتە ئامانج. رژێمی ئێران پێش هێرشەکان، هەڕەشەی لە هێزە کوردستانییەکان کردبوو. ئەمە دۆخێکی نوێیەو ئەنجامی خراپیشی لێ ئەکەوێتەوە.
دەیان سالە دەوڵەتی تورکیاش هێرش ئەکاتە سەر باشووری کوردستان. چەندین شوێنی داگیرکردووە و بنکە و مۆڵگەی سەربازیی لێ دامەزراندوون. ئێستا هێرشی ئێرانیشی هاتۆتە سەر. پەرەگرتنی هێرشەکانی ئێران رێک لەم کاتەدا جێی سەرنجە. زیاتر ئەو راستییە ئاشکرا دەکات کە داگیرکەرانی کوردستان لەسەر لەناوبردنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان رێککەوتوون. ئەوان لە کاتی ریفراندۆمی باشووری کوردستاندا بە ئاشکرا رێککەوتنیان کرد، ئەو رێککەوتنە تا ئێستاش بەردەوامە. هەرچەند داگیرکەران بڵێن کە هێرشەکان تەنیا بۆ سەر هەندێک هێزن، بەڵام راست ناکەن. ئەوان هێرش بۆ سەر هەموو دەستکەوتەکانی کوردستانیان ئەکەن.
حکومەتی ناوەندی عێراق، هەروەک چۆن لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیادا بێدەنگە، بە هەمانشێوە لەبەرامبەر هێرشەکانی ئێرانیشدا خۆی نەبان دەکات. ئەمەش واتای ئەوەیە کە حکومەتی عێراق ئاگاداری ئەو هێرشانەیە و چرای سەوزی بۆ ئێرانیش هەڵکردووە. بەداخەوە دەسەڵاتداریی باشووری کوردستانیش ئەو راستییە ناسەلمێنیت و بێ دەنگە. ئەمەش دۆخەکە مەترسیدارتر ئەکات.
هەڕەشە و هێرش بۆ سەر باشووری کوردستان هەر لە دژی پارت و لایەنێکی کوردستانیی نییە. بەڵکو لە دژی بەرژەوەندی و دەستکەوتەکانی هەموو کوردستانیانە. پێویستە هەموو لایەن و هەموو دامودەزگاکانی کوردستان ئەو راستییە بزانن. پێویستە لەو بارەیەوە هەموو هێزە کوردستانییەکان بە شێوەیەک لە هەماهەنگیدا بن. هەڵوێستیکی روونیان هەبێت و دژی ئەو هێرشانە راوەستن.
ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەڕەشە و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر باشووری کوردستان بە توندی ریسواو شەرمەزار دەکەین. هەر لەو بارەیەوە بە دەوڵەتی ئێران دەڵێین، ئێوە ناتوانن بەو هەڕەشە و هێرشانە سەربکەون. باشتر وایە لە بری ئەوە لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان دەست بە دیالۆگ و دانوستان بکەن.
دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
12.09.2021