کۆنگرەی لاوانی ئێنترناسیۆنال سۆسیالیست کە بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ لە وڵاتی ئاڵبانی بەڕێوەچوو، کۆتایی بەکارەکانی هێنا.
لەو کۆنگرەیەدا کە بەبشداریی شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو، شاندی یەکیەتیی لاوان لە کۆڕو کۆبوونەوەکانی کۆنگرەدا باسیان لە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.
کۆبوونەوەی شاندی یەکیەتیی لاوان لەگەڵ کۆمیتەی خۆرهەڵاتی نێوەراستی لاوانی ئێنترناسیۆنال سۆسیالیست یەک لەو کۆبوونەوانە بوو کە لەودا شاندی لاوان باسیان لە پرسی هەڵبژاردنەکان لەئێران، مافی دیاریکردنی چارەنووس لە رێگەی رێفراندۆم، پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران بە تایبەتی دوای لا چوونی سزا نێو دەوڵەتییەکان لە سەر ئەو وڵاتە کرد، ئاکامی کۆبوونەوەکەش ئەوە بوو کە بەشداران داوایان کرد تیمێکی هاوبەش لە کۆمیتەی رۆژهەڵاتی نێوەراست پێک بێ بۆ بەدوا داچوونو کاری هاوبەش لەگەڵ یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکانی ئەو کۆمیتەیەدا شاندی لاوان توانییان دەوری باشیان لە نیزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانی نێو کۆمیتەکە وەک لاوانی فەلەستینو ئیسڕائیل لەگەڵ یەکتر هەبێ، کە ئەم هەوڵانەی یەکیەتیی لاوان لە نێو کۆنگرەدا بەباشی وەرگیرا.
کۆنگرەی لاوانی ئێنترناسیوناڵ سۆسیالیست ڕۆژی هەینی ٧ ی ڕەشەممە بە دروشمی پاراستنی ژینگەو بە وتاری فلیپێ ژێلدرێس، سەرۆکی رێکخراوی لاوانی ئێنترناسیۆنال سۆسیالیست دەستی بە کارەکانی کردو دواتر سەرۆک وەزیرانی وڵاتی ئاڵبانی، ئێدی راما بەشداریی کۆنگرەکەی کردو دوای بەخێرهێنانی میوانەکان بۆ وڵاتی ئاڵبانی، باسێکی تێرو تەسەلی کرد لە سەر ئەرکی لاوانو بە تایەتی لاوانی سۆسیالیست لە گۆرانگارییەکان لە وڵاتەکەیاندا کرد.
هەر لەو بەشەدا لاوترین ئەندامی پارڵمانی ئاڵبانی کە سەر بە بزوتنەوەی سۆسیالیستیی ئەم وڵاتەو تەمەنی ٢٤ ساڵ بوو، باسێکی لە سەر گرینگی بەشداری لاوان لە دەسەڵاتی سیاسیی وڵات دا پێشکەش کرد.
لە کۆبوونەوە کارییەکانی کۆنگرەو لە پەراوێزی کاری کۆنگرەشدا شاندی یەکیەتیی لاوان بەشداریی چالاکانەیان لە باسەکاندا هەبوو و جگە لە لایەنەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ هاوپەیمانی وڵاتانی سکاندیناوی، ئەمریکای لاتینو ئاڵمان چەندین جارلە سەر پرسی جۆراوجۆر کۆبوونەوە.
ئەو پرسانەش کە لە دەستووری کاری یەکیەتیی لاواندا هەبوو، بریتی بوون لە: پرسی هەوڵدان بۆ بەشداری سیاسی کورد لە ئێران، پرسی رێفراندۆم بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی کورد لە ئێرانو کۆ کردنەوەی پشتیوانی بۆ ئەو بابەتە پرسی مافی مرۆڤو ئازادی رادەڕبڕین لە ئێرانو رەوشی مافی مرۆڤ لە کوردستان، هێنانە بەرباسی ڕەوشی زیندانیانی سیاسیی کورد بە تایبەت دۆخی محەمەد سدیق کەبوودوەند، هەروەها پێشکەش کردنی چەند وتار لە کۆبوونەوەکاندا و خستنە بەردەستی کۆمەڵێک دێکۆمێنت لەسەر رەوشی گۆلی ورمێو کانی بل لەگەڵ هێنانە بەرباسی رەوشی کۆچبەرانی کورد لە وڵاتانی ئورووپایی.
لە دوایین رۆژی کۆبوونەوەکاندا شاندی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڵ سکرتاریەتی رێکخراوی AUF، رێکخراوی لاوانی حیزبی کارگەری نۆروێژ کۆبۆوە و لەسەر پرسەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵیان دوانو سکرتاریەتی ئەو رێکخراوەیەش لەسەر پرسی ژینگەو پەنابەر داوای هاوکاری لە یەکیەتیی لاوان کردو شاندی هەردووک لایەن لەسەر ئەوە ساغ بوونەوە کە درێژە بە پێوەندییەکانیان بدەنو لە وڵاتی نۆروێژ پێکەوە پڕۆژەو کاری هاوبەشیان هەبێ.