کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا داوا لە گرووپی تاڵیبان دەکا کە بەزووترین کات کۆتایی بە سەرکوت و دەسبەسەرکردنی خۆپێشاندەرانی ناڕازیی لە ئەفغانستان بهێنێ کە زۆربەیان ژنن و داوای مافی یەکسانی دەکەن.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: داوا لە گرووپی تاڵیبان دەکەین کە بە زووترین کات کۆتایی بە توندوتیژی، سەرکوت و دەسبەسەرکردنی خۆپێشاندەران کە داوای مافی خۆیان دەکەن و خوازیاری ئاشتی و ئاسایشن بهێنێ؛ هەروەها نابێ بەهیچ شێوەیەک ئەو ژنانەی کە داوای مافی یەکسان دەکەن، سەرکوت بکرێن و ڕۆژنامەنووسانیش دەبێ بە ئازادی ڕۆماڵی ئەو دۆخە بکەن و نابێ گرووپی تاڵیبان لە توندوتیژیی کەڵک وەربگرێ.
کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، دەبێ تاڵیبان گرینگی بە داخوازیی خۆپێشاندەران بدا و دۆخێکی ئاسایی و دوور لە توندوتیژی بۆ بیروڕای جیاواز و مافی مرۆڤ لەبەرچاو بگرێ. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە دەسبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن تاڵیبانەوە بە هەموو شێوەیەک پێچەوانەی یاسای نێونەتەوەییە و ئەو گرووپە تا ئیستا چەند کەسێکیان لە خۆپێشاندەران کوشتووە یان دەسبەسەریان کردوون کە زۆربەیان ژنن و داوای یەکسانی دەکەن.