ڕاوەستانی درێژماوەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی و پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنە لەلایەن ئێرانەوە و هەروەها پەرەپێدانی چالاکییە ناوکییەکانی ئێران بەبێ گوێدان بە ئاژانسی نێونەتەوەی وزەی ناوکیی، شڕۆڤەکارانی سیاسیی وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکایی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕەی کە شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زووترین کات بڕیارنامەیەک بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەردەکا.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی”پۆلێتیکۆ” کە ڕۆژی هەینی ١٩ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاو بوەتەوە، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە دوو ڕاپۆرتی نهێنیدا بە شۆرای بریاردەری ئەو ڕێکخراوەیە ڕایگەیاندووە کە حکوومەتی ئێران پێش لە چاوەدێری لێکۆڵەرانی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی دەگرێ و هەروەها لە پێدانی وڵامی ڕاست لەهەمبەر چالاکییە ناوکییەکانی تاران بە ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزە خۆی دەبوێرێ و بە شێوەیەکی شاراوە و نهێنی پەرە بە چالاکییە ناوکییەکانی دەدا.
لە بەشێک لە ڕاپۆرتە نهێنییەکەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی کە ماڵپەڕی پۆلێتیکۆ بڵاویکردۆتەوە، هاتووە کە ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر لە ڕێککەوتنی ناوکیی دوور دەکەوێتەوە و بەپێی دوایین زانیارییەکانی ئاژانس، ڕێژیمی ئێران ١٠ کیلۆ ئۆرانیۆمی پیتێندراوی بە ڕێژەی لە سەتا ٦٠ بەرهەمهێناوە کە ئەم هەوڵەی ڕێژیمی ئێران، نزیکبوونەوەیە لە بەرهەمهێنانی بۆمبی ناوکیی.
هەر لەم پێوەندییەدا چەندین بەرپرسی باڵای وڵاتانی ئورووپایی بە “پۆلێتیکۆ”یان ڕاگەیاندووە کە چاوەڕوانین لە کۆبوونەوەی حەوتووی داهاتووی بەرپرسانی شۆرای ئاسایشی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە ڤییەن، بڕیارنامەیەک بەدژی ڕێژیمی ئێران دەربکرێ.