براوەکانی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل داوای پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی لێکۆڵێنەوە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەمبەر ئیعدامە بەکۆمەڵەکانی ساڵی ٦٧ی هەتاوی لە ئێراندا دەکەن.
٢٥ براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل لە نامەیەکدا بۆ ئانتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختیان لەسەر پێویستیی پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی نێونەتەوەیی لێکۆڵینەوە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە جینایەتی گەورەی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە ئیعدامە بەکۆمەڵەکانی بەندکراوانی سیاسیی ساڵی ٦٧ی هەتاوی کردەوە.
٢٥ کەس لە براوەکانی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل ڕۆژی هەینی ١٩ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرەڕای ئاماژە بە پێویستی پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی بۆ لێکۆڵینەوە لە جینایەتەکانی ئێران لە ساڵی ٦٧ی هەتاوی، ڕێبەرانی ئێستای ئێران وەکوو “عەلی خامنەیی و ئیبراهیم ڕەئیسی”یان بە دەور و نەخشی ڕاستەوخۆ لەو جینایەتە لە بەندیخانەکانی ئێران تۆمەتبار کرد.
لە بەشێک لەم نامەیەدا سەرەڕای هۆشداری ئەوەیکە ئەگەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پێش لە ڕێژیمی سەرەڕۆی ئێران نەگرێ جینایەتەکان بەدژی مرۆڤایەتیی لە ئێران بەردەوام دەبێ، ڕایانگەیاند کە ئێمە براوەکانی خەڵاتی ئاشتیی نوبێل و واژۆکەرانی ئەم نامەیە لە سی و سێهەمین ساڵەوگەڕی ئێعدامە بەکۆمەڵکەکانی بەندکراوانی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێران، وێڕای هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی ئیعدامکراوان داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بە خێراترین کات کۆمیسیۆنێکی لێکۆڵینەوە پێک بهێنن.
لە کۆتایی نامەکەدا هاتووە کە بڕیاری کوشتن و لەسێدارەدانی جیابیرانی ڕێژیمی ئێران لەلایەن ڕێبەری دیکتاتۆر و ئایینیی ئێران “خومەینی” دەرکراوە و بە پێکهێنانی کۆمیتەیەک بە ناوی” کۆمیتەی مەرگ” ٣٠هەزار بەندکراوی سیاسی لە ماوەی چەند حەوتوودا لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران بەکۆمەڵ ئیعدام کران؛ هەر بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی جیهانیی و بە تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێش لە جینایەت و سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران بگرێ و تاوانبارانی ئەو جینایەتە گەورەیە کە بەدژی مرۆڤایەتی کراوە، دەبێ بە خێراترین کات سزا بدرێن.