وزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە ئاماژە بە مەترسیداربوونی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ناوچەکە وتی: تا ئەو کاتەی ڕێژیمی ئێران لە سووریە بێ، وڵاتی سووریە ئاسایش و ئەمنییەتی نابێ.
یائێر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کاتی سەردانێکیدا بۆ ڕووسیە لە ڕۆژی هەینی ١٩ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە مۆسکۆ پێتەختی ڕووسیە و لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی”ئێسپۆتنیک” وتی: ئیسرائیل لە بەرانبەر جێگیربوونی هێزی سەربازیی ئێران لە سنوورەکانی باکوور، دەستبەستراو نابێ و هەروەها ڕایگەیاند کە کۆمەڵگەی جیهانیی دەبێ پێش لە دەسپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکیی بگرێ و ئەگەر کۆمەڵگەی جیهانیی ئەم کارە نەکات، ئەوە ئیسرائیل بۆ پاراستنی وڵاتەکەی بە هەموو توانا سەربازییەکایەوە هێرش دەکاتە سەر ئێران.
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بۆ مۆسکۆ لە کاتێکدایە کە وتووێژگەلێک لە مسکۆ لەهەمبەر پەروەندەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لە ئارادایە و هەر لەم پێوەندییەدا “ڕابێرت مالی” نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە وتی: وتووێژگەلێکی باشمان لە مۆسکۆ لەهەمبەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران دەسپێکردووە و دڵخۆشین بە ئاکامی وتووێژەکانی مسکۆ.
لەلایەکی دیکەوە”لاورۆف” وەزیری دەرەوەی ڕووسیە، سەرەڕای پێشوازی لە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە وتی: ڕووسیە دژی کەڵک وەرگرتن لە خاکی سووریە بۆ هێرش کردنە سەر ئیسرائیل یا هەر وڵاتێکی دیکەیە.