کەسێکی گەلدۆست، کوڕە شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی خەرمانان کاک قادر میرخزری، کوڕە شەهید و پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات بەهۆی نەخۆشی لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
کاک قادر میرخزری کە ماوەی ٥ ساڵ لە ڕۆژانی سەختی خەباتی چەکداریدا پێشمەرگە بوو، کوڕی میرزا حەسەن میرخزری بوو کە بەرپرسی ئەوکاتی ڕێکخراوی حیزب لە چۆمی مەجیدجان بوو. کاک قادر میرخزری هەروەها برای کاک عومەر میرخزری، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات بوو. ئەو هەروەها لە ڕۆژانی سەختی گەمارۆی ئابووری و سیاسی و فێرکاریی کوردستاندا لە نێوان ساڵەکانی ١٣٥٨ هەتا ١٣٦٣ مامۆستای شۆڕش بوو. هەموو ئاواتی کاک قادر میرخزری ئەوە بوو منداڵانی کوردستان بە چەک زانست و بۆ خزمەتی نیشتمانە بندەستەکەیان پەروەردە بکرێن.
شایانی باسە بنەماڵەی میرخزری لە ناوچەی چۆمی مەجید خان یەک لە بنەماڵە هەر خۆشناو و گەلدۆستەکانی ئەو ناوچەیەن کە چەندین کەس لە ڕۆڵەکانیان لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا شەهید بوون، کە تازەترینیان شەهید وەهاب میرخزری بوو کە لە تەقینەوەکەی شەوی یەلدای بەردەم بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا گیانی بەختی بارەگای ئازادی کرد. خوالێخۆشبوو کاک قادر هەروەها زاوای شەهید خالق جەهانجوویی بوو کە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە بەربەرەکانی لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا شەهید بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بە مەرگی کاک قادر میرخزری سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێز و شەهیدپەروەری میرخزری و جەهانجوویی دەکا و خۆی بە بەشداری خەم و کۆستیان دەزانێ.