بەرنامەکانی دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی بۆ بووژانەوەی گۆلی ورمێ هیچ دەرەنجامێکی نەبووە و قەبارە و ئاستی ئاوی ئەو گۆلە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەیەکی زۆر دابەزیوە. بەرپرسی ناوەندی نەتەوەیی وشکەساڵی ڕێژیم بە مەزەندەکردنی بارودۆخەکە ڕایگەیاندووە کە مانگەکانی ڕەزبەر و خەزەڵوەر کەم بارانترین مانگەکانی ٥٠ ساڵی ڕابردوو دەبن.
نوێترین ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە بارودۆخی ئەم گۆلە بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوودا خرابتر بووە و گەڕاوەتەوە پێش ئاستی گەڵاڵەی بووژانەوەی دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی.
هەواڵدەریی ئیسنا ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی خەرمانان لە زاری سەرۆکی ئیدارەی ئاوی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند، ئاستی ئاوی گۆلی ورمێ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٦٣ سانتی مەتر کەمی کردووە و هەر ئەوە بووە بە هۆکاری کەم بوونەوەی قبارەی گۆلی ورمێ لە ٣٦٥٥ کیلۆمەترەوە بۆ ٢١٩٤ کیلۆمەتری چوارگۆشە.
بەپێی ئەم ئامارە فراوانی گۆلی ورمێ ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو تاکوو ئێستا نزیک بە ١٤٦١ کیلۆمەتری دیکە کەمی کردووە کە بە گشتی دەکاتە یەک لەسەر چواری قەبارەی ئەم گۆلە.