دوو هاووڵاتیی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕیژیمەوە دەسبەسەر کران.
ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی سنە بە ناوەکانی بێهرووز عەزیزی و ڕەسووڵ عەزیزیان، خەڵکی گوندی میراوێی ناوچەی ژاوەرۆی سنە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازران.
ئەو دوو هاووڵاتییە بەبێ پیشاندانی بەڵگەیی یاسایی لەلایەن ئەو هێزانەوە دەسبەسەر کراون و تا ئێستا سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ ناوەندە پێوەندیدارەکان هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.
جێی ئاماژەیە کە بێهرووز عەزیزی و ڕەسووڵ عەزیزیان پێشتریش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەرکرابوون.