پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە شاری بانە کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی شەممە ٨ی ڕەشەمە کاک عەزیزی کەریمی، ناسراو بە عەزیزی حاجی کەریمە ڕەشی سورەبانی نیروانی بناری سورکیوی بانە بە هۆی نەخۆشی کوچی دوایی کرد. کاک عەزیز کەریمی یەکێک لەو تێکۆشەرە دێرینانەی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو کە لە سەرەتای ساڵانی ١٣٤٠ی هەتاویدا پەیوەندی بە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە گرتو لە زۆربەی کارو چالاکییەکانی ئەو سەردەمەی حیزب لە بناری سورکێوی ناوچەی بانەدا بەشداری چالاکانەی هەبوو. پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دژ بە ڕێژیمی پاشایەتیو دەست پێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە ڕەسمی بووە پێشمەرگەو چەندین ساڵ لە کومیتەکانی حیزب لە ناوچە جیاوازەکانی ناوچەی بانەدا خزمەتی کرد، بەڵام بە هۆی چوونە سەرێی تەمەنیو قوورسی باری ژیانی بنەماڵەکەی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی، لە سەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی.
کاک عەزیز مرۆڤێکی خۆشەویست، ناسراو و جێی بڕواوو متمانەی خەڵکی ناوچەکەو هەموو کات دەرگای ماڵەکەی بەڕووی شۆڕشگێڕانی کورددا کراوە بوو. دڵسۆزی حیزبو خەباتی نەتەوکەەی کوردستان بوو و یەکێک لە ئاواتەکانی ڕزگاری گەلو وڵاتەکەی بوو. خالە عەزیز جگە لە خۆی، بەشێکی زۆری ئەندامانی بنەماڵەکەی بە درێژایی دەیان ساڵ خەباتی ئاشکراو نهێنی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئەندامو تێکۆشەری ڕیزەکانی حیزب بوون.
پێویست بە ئاماژەیە کە خالە عەزیز کەریمی، ئامۆزا و ژنبرای کەسایەتی ناسراو و تێکۆشەری دێرینی ڕیزەکانی حیزبی دیموکرات مامۆستا ئەبووبەکری فەلسەفی،یە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەو مرۆڤە خۆشەویستەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەو کەسوکاری، بە تایبەت بنەماڵەی بەڕیزی فەلسەفی و هەموو خەڵکی بناری سوورکێوی بانە دەکاو خۆمان لە خەمی لە دەستچوونیدا بە شەریک و بەشدار دەزانین.