ئاماری خۆکوژییەکان لە ئێران لە ساڵی ڕابردووا لە ٥ هەزار کەس تێپەڕیوە.
بەپێی هەواڵی ئاماری ناوەندی بێهزیستیی ئێران، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوو لە ئێران لە ڕێگای خۆکوشتنەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتۆتە ٥ هەزار و ٥٤٢ کەس.
حوسێن ئەسەدبەیگی، بەڕێوەبەری ناوەندی چاوەدێری ژووری خەسارلێکەوتوانی کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند کە ئاماری خۆکوژییەکان لە ساڵی ٩٩ی هەتاوی لە چاو ساڵی پێشوو بەرز بووەتەوە و ناوبراو هۆکاری ئەو دیاردەیە دەگەڕێنێتەوە بۆ سەر خەسارە کۆمەڵایەتییەکان.
جێگەی ئاماژەیە کە ئەوە ئاماری تۆمار کراو لەو ناوەندی بێهزیستییە و ئامارەکانی خۆکوژیی لە ئێران زۆر لەوانە زیاترە و خەڵک بەهۆی داڕمانی ئابووریی وڵات، نەبوونی هیوا بە داهاتوو، بێدەرەتانی، هەژاری، کێشەی بنەماڵەیی و خەمۆکیی پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن و ئەو دیاردەیە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێ و تا ئێستا کاربەدەستانی پێوەندیدار هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەری ئەو دیاردەیە نەدۆزیوەتەوە.