ناوگانی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا لە کەنداوی فارس، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستمگەلێکی بێسەرنشین بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لەو ناوچەیەدا جێگیر دەکا.
بەپێی ڕاپۆرتی “ئاسۆشێیتدپرێس”، “بێرد کوپێر” فەرماندەی ناوگانی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا کە لە وڵاتی بەحرەین جێگیر کراوە، ڕایگەیاند؛ دوابەدوای ساڵانێکی زۆر لە هەڕەشە و هێرشەکانی هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامیی ئێران، یەکینەیەکی نوێ بە سیستمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستمگەلێکی دیکەی دەریایی و ژێردەریایی لە کەنداوی فارس جێگیر کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران.
بەرپرسانی پلەبەرزی هێزی دەریایی ئەمریکا، ئاشکرایان نەکرد کە چ سیستمگەلێکیان لەو ناوچەیە جێگیر کردووە، بەڵام ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا لە کەنداوی فارس ڕێگەی دەریایی بۆ گواستنەوەی وزە و کەشتییە شەڕکەرەکانی لە ناوچەکەدا ئامادە دەکەن، هەروەها وتوویانە: ئێمە دەمانهەوێ لەسەر ئاو و ژێر ئاو، زۆرترین سیستمی بێسەرنشین جێگیر بکەین بۆ ئەوەی بە باشی بزانین کە لەو ناوچەیەدا چی ڕوودەدا و ڕووبەڕووی هەموو کردەوەیەکی تێرۆریستی و تێکدەرانە دەبینەوە.