ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە ماوەی دوو مانگی و نیو هاویندا لانیکەم ١٤٣ کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی و ئەندامەتی یان هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی “چاونیوز” لەو ١٤٣ کەسە ٢٥ کەسیان دادگایی و سزای لە سێ مانگ هەتا ١٠ ساڵ زیندان (سەرجەم ٥٣ ساڵ و ١٠ مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە و بەندکراوێکی کوردیش حوکمی ئێعدامی دراوەتێ. ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە کوردستان لە وەرزی بەهاریشدا ١٢٦ کەسیان لە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گرتبوو، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا گیراون ٢٦٩ کەس بووە.
جێی بیرهێنانەوەیە کە ساڵی ڕابردوو (١٣٩٩)یش لانیکەم ٦٤٠ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئیتلاعاتتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون. لەو ٦٤٠ کەسەی لە ماوەی ئەمساڵدا دەسبەسەر کراون، لانیکەم ١٨٩ کەسیان دادگایی و سزای لە سێ مانگ هەتا سزای درێژخایەنی ٢٥ ساڵ (زیندان سەرجەم ٨٨٢٥ مانگ) و تەنانەت سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو.