لیندزی گراهام، سێناتۆرێکی پلەبەرزی کۆماریخوازەکانی ئەمریکا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە سەرەڕای هاتنەدەرەوەی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان، ئەمریکا ناچار دەبێ، بگەڕێتەوە ئەفغانستان.
ڕۆژی سێشەممە ١٦ی خەرمانان لیندزی گراهام سێناتۆری کۆماریخوازەکان لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی بیبیسی وتی:”ئێمە چۆن گەڕاینەوە بۆ عێراق و سووریە، ناچار دەبین بگەڕێینەوە بۆ ئەفغانستانیش چونکە هەڕەشەی گەورەی تێرۆریستیمان لە سەرە.
گراهام جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەفغانستان دەتوانێ ببێتە ناوەندێک بۆ پەرەئەستاندنی دەمارگرژیی ئیسلامگەراکان و حەشارگەیەک بۆ هێزە تێرۆریستییەکانی ئەلقاعیدە کە ئەوەش ئەمنییەتی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە. بە وتەی ناوبراو هۆکاری گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ عێراق، ڕێک لەبەر ئەو مەبەستە بووە کە تا ئێستاش ٥هەزار سەربازی ئەمریکایی لە عێراق جێگیرن.
سێناتۆر گراهام سەبارەت بە کردەوەی ئەمریکا لەهەمبەر قەیرانی ئەفغانستان دەڵێ: ئەمریکا دوو بژاردەی هەیە یان دەتوانێ بڵێ ئەوە کێشەی ئێمە نییە و بکشێتەوە یان دەبێ چاوەڕێی ئەگەری هێرشەکان بێ و ئەگەر یارمەتی بە بەرگریی پەنجشێر بدەن تاڵیبان ناتوانێ ئەفغانستان بە دەستەوە بگرێ چونکە لەگەڵ ڕق و قینی خەڵکی ئەو وڵاتە بەرەوڕوون و ئەگەر بارودۆخەکە هەر بەو شێوەیە درێژەی هەبێ، داعش بە شێوەیەکی بەهێزتر دێتە ئەفغانستان و ئەمریکا ناچار دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ئەفغانستان.