لە ڕۆژانی شەممەو یەکشەممە ٨و٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٤(٢٧و٢٨ی فێوریەی ٢٠١٦)، دووهەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێراوی کۆنگرەی شازدەیەمی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بەڕێوە چوو.
کۆبوونەوە بە ساتێک بێدەنگیو هەستانە سەرپێ بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. لە دەسپێکی کۆبوونەوەکە دا، سکرتێری گشتیی حیزب هاوڕێی بەڕێز خالید عەزیزی، دەستووری کاری پێشنیارکراو بۆ ئەم کۆبوونەوەیەی خستە بەر نەزەری بەشدارانو، دوای ئەوەی ئەندامانی ڕێبەریی حیزب پێشنیارو سەرنجەکانی خۆیان باس کرد، دەستووری کارەکە پەسەند کرا.
هەڵبژاردنی ئەندامانی دەفتەری سیاسی، یەکێک لە بڕگە سەرەکییەکانی دەستووری کاری ئەم کۆبوونەوەیە بوو. کۆمیتەی ناوەندی، دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی دەفتەری سیاسی، چەند بابەتی پێوەندیدار بە بەڕێوەبەریی تێکۆشانی حیزب لە دەرەوەی وڵات، ئەرکە هەنووکەییەکانی بەڕێوەبەریی حیزب لە کوردستان، راپۆرتی بەرپرسی کۆمیسیۆنی داراییو تەداروکاتی حیزبی خستە بەر باسو ڕاوێژی ئامادەبووانو، لە بارەی هەر کام لەوان ڕێنوێنیو ڕاسپاردەی پێویستی دایە دەفتەری سیاسی.
دوا بڕگەی کاری ئەم کۆبوونەوەیەی کۆمیتەی ناوەندی هەڵسەنگاندنی ئاکامەکانی هەڵبژاردنەکانی ٧ی ڕەشەمەی ئێران بە سەرنجدان بە هەڵوێستی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەم پێوەندییەدا بوو.
کۆمیتەی ناوەندی وێڕای وەبیرهێنانەوەی بەربەستەکانی ناوەندو دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی هەر چی زیاتر بەتاڵکردنی نێوەرۆکی ئەم هەڵبژاردنانە لە ئازادیی خۆپاڵاوتنو دەنگدانو، ڕێگری لە جێبەجێ بوونی ئیرادەو نیازی گۆڕانخوازانەی خەڵک، هەڵوێستەی لە سەر تەرفەندەکانی دەسەڵاتداران بە مەبەستی وەڕێخستنو گەرمکردنی ملبەملەی هەڵبژاردنو ڕاکێشانی ژمارەیەکی زیاتری خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان کرد. بە باوەڕی کۆمیتەی ناوەندی، خەڵکی ئێران ئەمجاریش هەوڵیان دا کەشوهەوای سەروبەندی هەڵبژاردنو دەرفەتی تەسکو سنوورداری دەنگدان بۆ دەربڕینی نارەزایەتیی خۆیانو نیشاندانو گەیاندنی هەڵوێستو پەیامی سیاسیی خۆیان بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە کار بێنن. ئەگەر هێندێک بەشی خەڵک بە دەنگنەدان، بێهیوایی خۆیان بە هەڵبژاردن لە چوارچێوەی ئەو ڕێژیمەدا نیشان دایەوە، لە بەرامبەردا ڕێژەیەکی زیاتریش بە ڕەفتارو دەنگدانی واتادار هەر لە چوارچێوەی بەرتەسکی ئەو هەڵبژاردنەدا، داوای کرانەوەی سیاسیو گۆڕانی ئابووریو کورتکرانەوەی دەستی ناوەندو دامەزراوە داسەپاوەکان لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیاندا کرد. ئەوە کە لە تاران، پێتەختی فەرمانڕەوایی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، نزیکترین کەسەکان بە ناوبراو کە ساڵانێکی زۆر بوو چارەنووسو بڕیاری گرنگترین ناوەندەکانی بڕیاریان لە دەست دابوو، دەنگیان نەهێنایەوە، دەیسەلمێنێ کە دەنگدەرانی ئێران لە پێشدا خامەنەییو سیاسەتەکانی ئەویان ناوێ. بەم پێیە میلیۆنان دەنگدەری ئێرانی نەک بۆ بەیعەت لە گەڵ ڕێبەری کۆماری ئیسلامیو شووڕای نیگابانو دامەزراوە داسەپاوەکان، بەڵکوو بۆ “نا” پێگوتنو تەنگ پێهەڵچنینیان هاتبوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان. بە دڵنییاییەوە ئەگەر دەرفەتی هەڵبژاردنێکی ئازادیان هەبا، تەنانەت ئەگەر کاندیداکانی دڵخوازی خۆیان لێ رەت نەکرابایەوە، زۆر ڕاشکاوانەتر ئەو پەیامو هەڵوێستەی خۆیان ڕادەگەیاند.
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە درێژەی هەڵسەنگاندنی ئاکامەکانی هەڵبژاردنەکانی ٧ی ڕەشەمەی ئێران، چووە سەر چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڵ ئەم هەڵبژاردنانە. ڕەتکرانەوەی سەلاحیەتی زۆر لە کاندیداکان لە لایەن دامەزراوە پێوەندیدارەکان، گوشار هێنانی دامودەزگا ئەمنییەتییەکان بۆ سەر چالاکانی سیاسیو مەدەنیو بەربژێرەکان بە مەبەستی خۆپاراستنیان لە هێنانە بەرباسی ڕەهەندی نەتەوەیی پرسو ویستەکانی خەڵک، تاکتیکو فێڵو تەڵەکەی جۆراوجۆری سوپای پاسدارانو ئیتلاعاتو بنیاتەکانی دیکەی ڕێژیم بۆ پێکهێنانی دووبەرەکیو ملبەملەی دەسکردو ناڕەسەن، پشتگیریی هەمەلایەنەو بە ئاشکرای کاربەدەستان لە بەربژێرەکانی مۆرەی خۆیانو زاڵکردنی جاربەجار زیاتری کەشوهەوای ئەمنیەتی، لەو کێشانە بوون کە خەڵک لە پارێزگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڵیان بەرەوروو بوون. بە لێکدانەوەی کۆمیتەی ناوەندی، چالاکانی سیاسیو مەدەنیو بە گشتی خەڵکی وشیارو حەقخوازی کوردستان، سەرەڕای هەموو ئەو کۆسپو بەربەستانە، کۆڵیان نەدا. ئەوان تا ئەو جێگایەی بۆیان گونجا، هەوڵیان دا دەرفەتی هەڵبژاردن بۆ باس لەو ستەمو هەڵاواردنە نەتەوەییانە تەرخان بکەن کە لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بە سەریان دا سەپاوە. کەسانی خۆشناوو لێهاتووو لە باری سیاسییەوە خاوەن پێشینەی خاوێنیان هان دا وەک بەربژێر بێنە مەیدان. سەرەڕای هەموو بەربەستەکان، پرسی نەتەوەییو بێبەشیو بێمافیی گەلی کورد لە ئێرانیان کرد بە هەوێنی باسو لێدوانی زیندوو لە کۆڕو کۆمەڵی سیاسیو فەزای مەجازی دا.
کۆمیتەی ناوەندی، سیاسەتی حیزب لە ڕاستای هاندانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەم چەشنە ڕووبەرووبوونەوەیە لە گەڵ هەڵبژاردن وەک دەرفەتێک تەئیید کردەوە. بە باوەڕی بەشدارانی کۆبوونەوە، هەڵسەنگاندنی بەربژێرو پشتیوانی لێکردنی لە سەر ئەساسی کوردستانیبوونی دروشمو بەرنامەی هەڵبژاردن، کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دەورەیە دا، تا ڕادەیەکی هەستپێکراو خۆی دەرخست، یەکێک لە دەسکەوتەکانی ئەم سیاسەتەیە. پەلهاویشتنی تێکۆشانو چالاکیی سیاسیی پێوەندیدار بە هەڵبژاردنی نوێنەری کورد لە تارانو شارو ناوچە کوردنشینەکانی خۆراسانیش،ئاڵوگۆڕێکی ئەرێنیی دیکەیە کە دەبێ لەم گۆشەنیگایەوە، بخوێندرێتەوە. دەسکەوتێکی دیکەی ئەم سیاسەتە، دژایەتیی خەڵک لە گەڵ کۆماری ئیسلامی لە ژمارەیەک حەوزەکان بە هۆی دەنگنەدانیان بەو کاندیدایانە بوو کە پتر ڕۆچوونە نێو گەندەڵیو هاودەستی لە گەڵ دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە. بەرەوژوورچوونی وشیاریی سیاسیو یەکگرتوویی ڕێژەیی خەڵک لە هێندێک شارو ناوچەی خاوەن خسلەتی دیموگرافیی تایبەت لە گەرمەی ململانێی هەڵبژاردندا، بە یەکێکی دیکە لە دەسکەوتەکانی ئەم سیاسەتە لێک درایەوە. ئەم وشیاریو یەکگرتووییە یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی خەڵک لە حەوزەی شنۆو نەغەدە جارێکی دیکە بەربژێری کورد سەر بخەن، یا لە شاری ورمێ سەرەرای هەموو دژایەتیو بەربەستو گوشارێک، بەربژێرانی کورد بگەیەننە دەوری دووهەمی هەڵبژاردن. ئەمانەش لە هەلومەرجێکدا ڕوویان دا کە کوردەکان وەک هەمیشە ڕۆڵێکی جیددییان لە چاوەدێریو کۆنتڕۆڵی پڕۆسەی جیاکردنەوەو ژماردنی دەنگەکاندا نییە. کۆمیتەی ناوەندی تەئکیدیشی کردەوە کە هەوڵدانی خەڵکی کورد لەم ناوچانە بۆ ئەوەی بە گوێرەی حەشیمەتو قورسایی خۆیان لە ناوەندەکانی یاسادانانو بەڕێوەبەرێتیدا پشکیان بەربکەوێ، دەبێ وەک مافێکی ڕەوا سەیری بکرێو ڕێزی لێ بگیرێو نەک هەر نابێ ببێتە هۆی گرژیو دردۆنگی لە نێوان ڕۆڵەکانی دوو نەتەوەی کورد و تورک، بەڵکوو پێویستە بکرێتە بناغەی پێکەوەژیانێکی دادپەروەرانەو بە دوور لە ناخۆشی. مافێک کە لە هەر دوو ڕێژیمی شایەتیو کۆماری ئیسلامی دا بە زیادەوەو زۆر جار لە سەر بناغەی پێشێلکردنی پشکو مافی کوردەکان، بۆ پێکهاتەکەی دیکەی پارێزگەی ورمێ دابین بووە.
کۆمیتەی ناوەندی، لە هەڵسەنگاندنو لێکدانەوەی ئاکامەکانی هەڵبژاردنی ٧ی ڕەشەمەی ئێران دا، بایەخێکی تایبەتیشی بەو ئەرکانە دا کە لەمەودوا دەکەونە سەر نوێنەرانی هەڵبژێردراو، چالاکانی سیاسیو مەدەنیی نێوخۆو هەموو ئەو توێژو بەشانەی خەڵک کە باوەڕیان وایە دەکرێو دەتوانن هەڵبژاردن بۆ نیشاندانی هەڵویستو گەیاندنی پەیامی نەتەوەییو حەقخوازانەی خۆیان بەکار بێنن. نوێنەرانی هەڵبژێردراو ئێستا ئیدی لە هەموو کاتێک زیاتر دەبێ لێیان حاڵی بووبێ کە خەڵك سادەو نا وشیار نینو بە هەستیارییەوە، کارنامەی نوێنەرانی کورد لە مەجلیس دەخەنە ژێر چاوەدێری. ئەگەر بە کارهێنانی کورسیی مەجلیس بۆ خۆدەوڵەمەند کردنو ئیمتیازدان بە خزموکەسو بردنە پێشی پڕۆژەو بەرنامە دژی گەلییەکانی ڕێژیم، خەیانەتو تاوانێکە کە خەڵک لە بیریان ناچێتەوەو لە ڕۆژی خۆی دا لێی دەپرسنەوە، گەیاندنی بوێرانەی قسەو ویستی ڕاستەقینەی خەڵک بە مەجلیسو ناوەندە بەرزەکانی ڕێژیمو بەرگری لێکردنیشیان، خزمەتو شانازییەکە کە خەڵکی کوردستان پێشوازیو پشتیوانیی لێ دەکەن. کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە خەڵکی کوردستانو چالاکانی سیاسیو مەدەنیی نێوخۆ داواکار بوو وشیاریو یەکگرتوویی خۆیان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ قۆناغی دووهەمی هەڵبژاردن بپارێزن بۆ ئەوەی زیاتر لەم جار مەبەستە سیاسیو نەتەوەییەکانی خۆیان لە رەوتی هەڵبژاردن دا بپێکن. هەر لەو کاتەش دا دووبارەو تەئکیدی کردەوە کە چینو توێژەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نابێ لە گرنگیی شێوازو مەیدانەکانی دیکەی خەباتو تێکۆشان غافڵ بنو پێویستە هەر کام لە بەستێنو بوارەکان بۆ خستنە ڕووی داواکانی خۆیانو ناچارکردنی دەسەڵاتداران بە قبووڵی مافەکانیان، بە کار بێنن. لەم چوارچێوەیەشدا کۆمەڵێک ڕێنوێنیو ڕاسپاردەی دا بە دەفتەری سیاسیو دامەزراوە پێوەندیدارەکانی حیزب تا لە ڕاستای بە هێزکردنی پێوەندیی خەباتکارانەی حیزبی دیموکراتو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانو پاراستنو دەوڵەمەندکردنی ئەزموونەکانی ئەم پێوەندییە دوولایەنەدا سوودیان لێ وەربگرێ.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
١٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٤
٢٩ی فێورییەی ٢٠١٦