ئەحمەد ڕەزابەیگی، نوێنەری تەورێز لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە زاری ئیسمائیل قائانی فەرماندەی سپای قوودسەوە ڕایگەیاند کە ناوبراو لە کۆبوونەوەیەکی مەجلیسدا ڕایگەیاندووە کە بۆ ئێران گرینترین خاڵ ئەوەیە کە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانمان لە ئەفغانستان نەکەوێتە مەترسییەوە.
ئیسمائیل قائانی، فەرماندەی سپای قوودسی رێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی بە ئامادەبوونی لە مەجلیسی ئیران و شڕۆڤەکردنی ئاخرین ڕووداوەکانی ئەفغانستان لەگەڵ نوێنەرانی مەجلیسی ئێران وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نزیکەوە ئاگاداری ڕووداوەکانی ئەفغانستانە و بەهۆی گرینگی پێوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ وڵاتی ئەفغانستان، ئێمە بەردەوام چاوەدێری ڕووداوەکانی ئەو وڵاتە دەکەین و خۆمان بۆ هەر ئەگەرێکی چاوەڕوان نەکراو ئامادە کردووە.
نیزامەدین مووسەوی، وتەبێژی هەیئەتی بەڕێوەبەریی مەجلیسی ئێران لە زاری “قائانی”یەوە ڕایگەیاند کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان لە پێوەندییدان و تەنیا خاڵێک کە بۆ ئێمە گرینگە ئەوەیە کە بەرژەوەندییەکان و ئاسایشی کۆماری ئیسلامیی لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی مەترسی نەبێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەحمەد ڕەزا بەیگی لە زاری فەرماندەی سپای قوودسەوە ڕایگەیاند کە ئەمریکا دەیهەوێت بە پلانێک کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ جیهانی سووننی مەزهەبەکان دەرگیر بکا.