ئاڤیۆ کۆخاوی: هێرشی سەربازیی بەدژی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام دەبێ و لە ئەگەری بڕیاری هێرش بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئەرتەشی ئیسرائیل پلانی زۆری ئامادە کردووە.
ئاڤیۆ کۆخاوی، بەرپرسی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئیسرائیلی”وێللا” وتی: ئەگەر ڕێبەرانی سیاسیی ئیسرائیل بڕیاری هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێران بدەن، ئەرتەشی ئیسرائیل ئامادەی هێرشێکی سەربازیی بەرفراوانە بە پلانێکی گەورەوە.
هەروەها ناوبراو ڕەزامەندی خوی لە ئاکامی هێرشەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر مۆلگەی سپای قودس و میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە دەربڕی.
کۆخاوی سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە هێرشەکانمان بۆ سەر گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام دەبێ وتی: هێرشەکانی ئێمە ئامانجگەلێکی زۆری لە پشتە کە گرینگترینیان کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی لە سووریە و چەند وڵاتێکی دیکە.
ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەیدا سەرەڕای وتنی ئەوەیکە هێرشە سەربازییەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوو گرووپی “حەماس و حیزبوڵای لوبنان”ی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەگرێتەوە وتی: ساڵی داهاتوو بەهۆی ئامادەبوونی ئەرتەشی ئیسرائیل لە زۆربەی وڵاتەکان بۆ ڕووبەووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران، ساڵێکی هەستیار دەبێ.