دەشنێتەوە دەلەرێتەوە بەسەر گیانمدا،
شەممەی سووری خوێناوی
برینی قوڵی جەستەی قەڵا
ئامان و قەراری لێ بردووم
من لەژێر زامی درەوشاوەی ئەواندا
ئەوان
وەک قەڵای بڵیندی ئازادی
ماومەتەوە!
تک تک خوێنی ئاڵی ئەوانم بەرکەوتووە
بۆنی ھەناسەی هەڵوەریوی ئەوان
لە من جیا نابێتەوە
من
پایزانیش هەر چرۆی سەور دەر دەکەم چرۆی سەوز
هەر بەو ھەناسە
لەژێر پیرە قەڵای دێموکراتا
سەمای مەرگ دەمخاتە سەر شانی ڕاستی
خەوێکی قووڵ دەمباتەوە
لەبیرم دێ شەممەی پێرار پار پەڵەهەورێکی شل و مات،
بەسەر بەژنی قەلای بڵیند و شاردا
دەست و پەنجەی هەڵتەکاندن.
هەر ئەوکاتە
نیگای قەڵام خوێنی سووری لێدەچۆڕا
شاریک لە شەونمی خوێن
قفڵڕێژ کرا
مەرگ بەسەر هەنگاوەکانی ئەواندا
ڕاوەستابوو
پەنجەی جێماو و پێڵاوی بێمرادی ئەوان
لەژێر خۆڵدا ون کرابوو
هەر ئەوکات بوو ڕووناکی لە سپیدە یاخی بوو
ئەوکات بوو ئەوکات!
کۆترەکان لەسەر منار مردن نیشتنەوە
ئەوکات تۆ پێت وابوو
کۆماری پەتی سیدارە
تەیرەکانی ئەو بنارە
باڵەکانیان پەڕپەر دەبن،
نامێننەوە
چەند داماوی خانە وێران!
ئەوان ڕەگی پیرەدارن
لێرەش نەبن
لەژێر خاکدا
بە تازەیی دەمێننەوە
ماوەتەوە!
بەسەر سەکۆی قەڵای پڕ هەگبەی ئازادی
خوێنی ئاڵی ئەسیرەکان!
بسکی شانەنەکراوی شۆڕە ژنانی نێو خەبات
بۆتە بلوانەی ملم
بۆ خەوی قووڵی مردنیش
دای ناکەنم لە گەردنم
منیش لێرە چیم لەدەست دێ
جگە لە بیرەوەریی نێو دەروازەی پیرە قەڵا،
بیری پێکەنینی سەوز و جوانتان
بیری جانتاکەی شانتان
تفەنگی جیماوتان
بیری ئێوە، ئێوەی لە نمەی شەونم پاکتر
لە ڕوحی خودا سپیتر.
چیم لەدەست دێ بۆ ئیوە
تەنهاو بێڵم
ئەمن قەڵای دێموکراتی کۆچی سووری پاییزانم
لە ساباتی پڕ لە برینی ئەم جارەمدا
بەسەر خال و خۆڵی هەڵتەکاودا
جارێکی تر چرۆ دەکەم دەژێمەوە،،
وەک گوڵاڵە سوورەی هەمیشە
لەبن بەژنی تەوارەکانی ئازادی دەمێنمەوە.
من ئیرادەی شۆڕشێکم
سەدان هەزار جۆگەلەی خوێنی داوە
من خەیاڵی قەد بڵیندی ڕێبازێکم
لەنێو قورگی هەژاراندا
ڕەگ و ڕیشەی لە خاک ناوە.