وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە، سەرەڕای داواکردن لە ئێران بۆ هاوکاریی خێرای ئەو وڵاتە لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە وتی: ڕێژیمی ئێران دەبێ لەهەمبەر شاردنەوەی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم زۆر ڕاشکاوانە ڕاپۆرتێک بداتەوە بەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییە.
وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە ئێران دەبی بە خیراترین کات هاوکارییەکانی لەگەڵ لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە دەسپێبکاتەوە و نابێ بەردەوام بێ لە پێشێلکارییەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی.
جێگای ئاماژەیە کە وڵاتانی فەرانسە، بریتانیا وئاڵمان، مانگی ڕابردوو نیگەرانییەکانی خویان لەهەمبەر پیشێلکارییە ناوکییەکانی ئێران ڕاگەیاندبوو و لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە ئیران کردبوو کە کۆتایی بە پێشیلکارییەکانی بێنێ و بگەڕێتەوە بۆ سەرمێزی وتووێژە ناوکییەکان لە ڤییەن.