٣٩ تانکر سووتەمەنیی بە شێوەی قاچاخ لە سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ڕۆیشتۆتە نێو خاکی سووریەوە و لەوێشەوە دەگوازرێتەوە بۆ میلیشیاکانی حیزبوڵای لوبنان.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕێژیمی ئێران لە سنوورەکانی ئەلمەیادین و ئەبووکەمال کە لە ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێراندایە ٣٩ تانکر سووتەمەنیی هەناردە سووریە کردووە.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لەم بارەوە ڕایگەیاند کە ئەو تانکرە نەوتهەڵگرانە پاش گەیشتن بە سووریە لە ڕێگەی سنووری عێراقەوە لە جاددەی دێرەزوورەوە دەچنە شاری حومس و لەوێوە بە شێوەی قاچاخ دەچنە لوبنان.
جێگای ئاماژەیە کە لە ماوەی حەتووی ڕابردوودا ئەمە دووهەمین کاروانی قاچاخی سووتەمەنییە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی عێراق و سووریەوە دەینێرێتە لوبنان بۆ گرووپی حیزبوڵا و تا ئێستا ٥٠ تانکر سووتەمەنیی بە شێوەی نایاسایی گوازراوەتەوە بۆ لوبنان.