هەدا نادەم ڕۆژ و شەوێ
خۆم بسرەوم، دڵ ناسرەوێ
تاکسو هەلم دەست دەکەوێ
دنیا گشتی سەریەک کەوێ
لێم ببڕن خۆراک و خەوێ
کوردم، کوردستانم دەوێ
هیوای بەرزم قەت نانەوێ
تاکوو قۆناغی سەربەستی
ئەسپی خەباتم ناوەستی
تا دەرنەچم لە ژیردەستی
نامهەوێ سەرمایەی هەستی
مەرگ نەک ژینی ژێردەستی
کوردم کوردستانم دەوێ
هیوای بەرزم قەت نانەوێ
له کاتێکدا ٥٣ ساڵ به‌سه‌ر شه‌هیدکرانی کادری ڕێبه‌ر و به‌وه‌جی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شه‌هید مه‌لا ئاواره‌دا ڕاده‌برێ، هیشتا هاوڕێیانی و حیزبه‌که‌ی له مه‌یدانی خه‌باتێکی دژوار، بەڵام سەرفرازانەدا، بێ پشوودان درێژه به ڕێبازه‌که‌ی ده‌ده‌ن و نێوەرۆکی هۆنراوە نیشتمانییەکانی بەکردەوە جێبەجێ دەکەن. شه‌هید مه‌لا ئاواره ته‌نیا شۆڕشگێڕ نه‌بوو، به‌ڵکوو هۆنه‌ر و هه‌ستیاریش بوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له بنه‌ماڵه‌یه‌کی خوێنده‌وار و ئایینی له‌دایک بوو، زۆر زوو توانی فێری خوێندن و نووسین بێ. هه‌ر زوو هه‌ستی هۆنه‌ریی بزووت و توانیی له‌نێو دڵی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدا جێگای خۆی بکاته‌وه. هێشتا ته‌مه‌نی زۆر که‌م بو که خه‌ڵک پرسوڕایان پێ ده‌کرد و که‌ڵکیان له بیر و بۆچوونه‌کانی وه‌رده‌گرت.
مەلا ئەحمەدی شڵماشی مەشهوور بە مەلا ئاوارە، لەبەر ئەوەی لە بنەماڵەیەکی ئایینی خوێندەوار بوو، هه‌ر زوو له‌لایه‌ن باوکیه‌وه خرایه به‌ر خوێندن. له‌پێشدا هیندێک کتێبی فارسی و قورئانی له‌لای باوکی خوێند. پاشان بۆ درێژه‌دانی خوێندن ڕووی له حوجره‌ی مزگه‌وته‌کانی کوردستان کرد که له‌و سه‌رده‌مه‌دا ته‌نیا سه‌رچاوه‌ی زانیاری له دێهاته‌کانی کوردستاندا بوون. بەو پێیە شەهید ئاوارە هەر لە سەرەتای تەمەنی لاوەتییەوە کەوتە نێو دەریای کۆمەڵانی خەڵک و لەگەڵ دەرد و ڕەنجەکانیان ئاشنا بوو.
ئاواره مرۆڤێکی به‌هه‌ست و کۆمه‌ڵایه‌تی بوو. زۆر زوو ئاگاداری گیروگرفته‌کانی خه‌ڵک ده‌بوو، به دیتنی زوڵم و زۆر ده‌ڕه‌نجا و هه‌وڵی ده‌دا یارمه‌تیی هه‌ژاران بدا. ئاواره ڕه‌نج و ئازاری هه‌ژارانی کوردستانی به شێعر ده‌رده‌بڕی. ئه‌و به زمانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک هۆنراوه‌ی ده‌هۆنده‌وه. بۆیه شێعره‌کانی زمانهوزمان ده‌گه‌ڕان و له‌گوێی گه‌وره و بچووکی خه‌ڵکی کوردستاندا ده‌زرینگانه‌وه. شێعره‌کانی ئاواره ئاوێنه‌یه‌کی باڵانوین بوون له نیشاندانی ژیانی پڕ لە چه‌رمه‌سه‌ریی گه‌لی کورددا. ڕێنیشانده‌ر بوون بۆ به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ زۆرداران و فێنککه‌ره‌وه‌ی دڵی هه‌ژاران بوون له‌کاتی ته‌نگانه‌دا.
ئه‌و له شێعری ”هاواری تووتنه‌وانێکی ناوچه‌ی سه‌رده‌شت”دا توانیویه‌تی ده‌رد و مه‌ینه‌تی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان ده‌ستنیشان بکا. ئەو بە قووڵایی دەرد و مەینەتەکانی زەحمەتکێشانی کوردستاندا چووەتە خوار و بە وێنەی سناریۆیەکی نیشاندەری ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێمە، بەرهەمێکی خوڵقاندووە کە دەکرێ فیلمێکی درامای بەهێز و کارتێکەری لێ بەرهەم بهێنرێ:
توتنه‌وانێکی هه‌ژارم
بێ خانوو، بێ زه‌وی و زارم
بێ پوڵ و پاره و بزن و مه‌ڕ
دوورم له‌خێر، نیزیک له شه‌ڕ
منداڵم ڕووت و برسییە
ژیانم پڕ لە مەترسییە
ڕووم نییە بچمە نێو خەڵک
بێ بەرگ و پێڵاو بێ کەڵک
بەڵام چی بکەم چارەڕەشم
خەرمانم زۆرە و بێبەشم
ئەو لە کۆتایی شێعرەکەدا ڕێگاچارە بۆ ئەم دەرد و مەینەتییانە دەستنیشان دەکا:
ئەی وەرزێران، ئەی جووتێران
ئەی تووتنەوانی ماڵ وێران
با بە یەک دڵ و یەک زمان
با بە خەباتی شێلگیرمان
تا دوا پشوو هەوڵ بدەین
شەق لەو ڕێژیمە هەڵدەین
یەکگرتن هۆی سەرکەوتنە
خەبات ڕێگەی دەسکەوتنە
ئەگەر یەک بین و یەک بگرین
لەگەڵ یەکدا بژین، بمرین
زاڵ دەبین و سەر دەکەوین
بەرز دەبین و نانەوین
هەوڵ و تەقەللای بێ‌وچان
بێ ماندووبوون، بێ پشوودان
تاقە ڕێگای ئازادییە
هێنەری ڕۆژی شادییە
له شێعری “کوردم کوردستانم ده‌وێ”دا ئامانجی گه‌له‌که‌ی زۆر باش پێکاوه. هۆنراوەیەکی هۆنیوەتەوە کە دەکرێ ئێستاش دوای ٥٣ ساڵ لە شەهیدبوونی ببێتە دروشم و نەخشەڕێگای ڕێبوارانی ڕێبازی کوردایەتی و وەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەی ژێردەستی کورد.
کوردم کوردستانم ده‌وێ
هیوای به‌رزم قه‌ت نانه‌وێ
به‌رزه هیوام بۆ نیشتمان
په‌یمان به‌ستم له‌گه‌ڵ یه‌زدان
ده‌ست هه‌ڵناگرم له‌تێکۆشان
تاکوو دهچمهڕێزی گه‌لان
له شێعری “لایە لایه‌ی دایکێکی دڵسۆز بۆ کۆرپه ساواکه‌ی”دا به قووڵایی ده‌روونی ژن و پیاوی کورددا چووه‌ته خوار. ئارەزووی هەر دایک و بابێکی کوردی بۆ دواڕۆژی منداڵەکەی دەربڕیوە. سەرەڕای ئەوەی کە لە زمانی دایکەوە ئەرکی دواڕۆژی بۆ کۆرپە ساواکەی دیاری کردووە، باسیش لەوە دەکا کە نەوە لە دوای نەوە، کورد بۆ ئازادی و سەربەخۆیی خەباتی کردووە و تا وەدەستهێنانی ئامانجە پیرۆزەکەی نابێ کۆڵ نادا، هەرچەند ڕێگای تێکۆشان هەوراز و نشێوی زۆریشی هەبێ.
ڕۆڵه کۆرپه‌که‌م ئارامی گیانم
خونچه‌ی گوڵزاری باخچه‌ی ژیانم
جگه‌رگۆشه‌که‌م، به‌رهه‌می ژینم
سه‌روه‌ت، ماڵم، ئایین و دینم
هیز و ته‌وژمم، بینای چاوانم
هاوده‌نگی به‌زمی ڕۆژ و شه‌وانم
ڕۆڵه‌گیان مه‌گری، مه‌گره به‌هانه
بنسو دره‌نگه، به‌ری به‌یانه
هه‌ی لایه‌لایه، ڕۆڵه لای لایه
کوێر بێ ئه‌و چاوه‌ی به تۆ هه‌ڵنایه
هیوام زۆر پێتە وەک باب و کاکت
ببیە سەربازی نەتەوە و خاکت
بەخێوت دەکەم بە گیان و بەدڵ
نەکەی بترسی و لە هیچ بکەی سڵ
زانا و خوێندەوار چاو و دڵتێر بی
ڕۆژی تەنگانە پڵینگ و شێر بی
لاوێکی گورج و خاوەن هۆش و بیر
نەترسی لە بەند، لە کۆت و زنجیر
هەی لایە لایە، ڕۆڵە لایلایە….
له ”ڕه‌شبگیری)دا خه‌باتی ساردی گه‌لی کوردی دژی داگیرکه‌ران نیشان داوه. له ”گه‌شتی ناوچه‌ی ئالان”دا جوانی سروشتی کوردستان و خۆشه‌ویستیی نیشتمان له‌دڵی گه‌لی کورددا زیندوو دەکاتەوە و له‌گه‌لێک هه‌ڵبه‌ستی تردا بۆ نەتەوە و نیشتمانەکەی ده‌خوێنێ.
ئاواره هێنده زۆر له‌گه‌ڵ ده‌رد و مه‌ینه‌تیی گه‌له‌که‌یدا ئاشنا بوو، که هه‌ر له ته‌مه‌نی لاوی‌دا ڕێگای سیاسه‌تی گرته‌به‌ر و بوو به ئه‌ندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان. ئه‌و له‌م سه‌نگه‌ره‌دا به‌ته‌واوی وجودی خۆیه‌وه تێده‌کۆشا. وێڕای ده‌رس خوێندن ته‌بلیغاتی سیاسیی بۆ خه‌ڵک ده‌کرد و ته‌شکیلاتی نهێنیی پێک دێنا. ئه‌و ببوو به یار و یاوه‌ری هه‌ژارانی کوردستان. بە خۆی و گۆچانێکەوە به گونده‌کاندا ده‌گه‌ڕا و بۆ به‌رگری له مافی خۆیان خه‌ڵکه‌که‌ی هان ده‌دا. ئه‌وانیش ڕێزیان ده‌گرت، پرسوڕایان پێ ده‌کرد و وه‌ک ڕێبەرێک چاویان لێ ده‌کرد. ئه‌و هێنده به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو کاری ده‌کرد، که شاردنه‌وه‌ی خه‌باته‌که‌ی دژوار ببوو، به‌تایبه‌ت دوای هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی باشووری کوردستان، به‌ئاشکرا پشتیوانیی لێ ده‌کرد و یارمه‌تی کۆ ده‌کرده‌وه. پاش وه‌ڕێخستنی کاروانی گه‌وره‌ی یارمه‌تی به‌ره‌و باشوری کوردستان، ڕێژیمی پاشایه‌تی کە ئاگاداری هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی بوو، به‌دوایدا ده‌گه‌ڕا. ئه‌ویش به‌ناچاری ڕووی له باشوور کرد و له‌لای مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دێموکراتی کوردستان له نیزیک گوندی مالومه گیرسایه‌وه.
مەلا ئاوارە چه‌ند ساڵێک هاوڕێی خه‌بات بوو له‌گه‌ڵ هەردووک سه‌رکرده‌ی خوالێخۆشبوو مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د و به‌ڕێز مام جه‌لال تاڵەبانی. پاش تێکچونی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی له‌گه‌ڵ سه‌رۆک بارزانی له ساڵی 1964دا، ئاواره و چه‌ند کادرێکی دیکه‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌ناچار گه‌رانه‌وه نێوخۆی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و دیسان به خۆ‌و و به گۆچانێکه‌وه، خۆی له‌نێو ده‌ریای کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک هاویشته‌وه. هه‌ر له‌وکاته‌دا په‌یوه‌ندیی گرت به به‌شێک له ڕێبه‌رایه‌تی حیزبه‌وه کە لەوکاتەدا له ناوچه‌ی پشده‌ری باشووری کوردستان نیشته‌جێ بوون و خه‌باتی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌وان لێک گرێ دا. دوای ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵێک له کادره‌کانی حیزبی دیموکراتی کوردستان له‌ژێر ڕێبه‌رایه‌تیی کومیته‌ی شۆڕشگێڕی ئه‌و حیزبه‌دا ڕوویان له نێوخۆی وڵات کرده‌وه، شه‌هید ئاواره وەک یه‌کێک له چالاکترین ئه‌ندامانی ئه‌و کومیته‌یه به‌رپرسایه‌تیی ناوچه‌ی سه‌رده‌شتی گرتەئەستۆ. ئەو هێنده به ڕێکوپێکی کاری کرد که تا ئه‌م ساڵانه‌ی دواییش ئاسه‌واری ڕێکخستن و کاری ته‌شکیلاتی ئه‌و هه‌ر ماوه و ئه‌و پێگه گه‌وره‌یه‌ی که ئه‌و بۆ بیروباوه‌ڕی ڕزگاریخوازی و کوردایه‌تی پێکی هێنابوو، ئێستاش له‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌ر بەردەوامە.
به‌داخێکی گرانه‌وه دوای ١٨ مانگ خه‌باتی قاره‌مانانه، به شه‌هیدبوونی زۆربه‌ی ڕێبه‌رانی، جووڵانه‌وه‌ی ساڵه‌کانی ٤٦-٤٧ شکستی هێنا. شه‌هید ئاواره‌ش دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی خیانه‌تی چه‌ند خۆفرۆشێکه‌وه له گوندی دیواڵانی ناوچه‌ی سه‌رده‌شت له‌داو خرا و له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێی دیکه‌ی به ناوه‌کانی مه‌لا که‌چه و ڕه‌حمانی وه‌تمان چاوشین، هه‌رسێکیان له ڕۆژی ١١ی خه‌رمانانی ١٣٤٧دا له‌لایه‌ن ڕێژیمی جینایه‌تکاری حه‌مه‌ڕه‌زاشاوه، لە “سەرکەنەکان”ی شاری سەردەشت، کە تەنیا چەند سەد میترێک لە جێگای نیشتەجێ بوونی بنەماڵەکەی شەهید ئاوارە دوور بوو، گوللەباران کران.
یادیان به‌رز و ڕێگایان پڕ ڕێبوار بێ.