لە لایەن ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە لە شاری مەڵەکشاهیی سەر بە ئیلام بە بۆنەی ساڵیادی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و شەهیدانی ئەو جینایەتەی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەربڵاو چالاکیی تەبلیغیی کرا.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی چاونەترس و بوێری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مەلەکشاهی سەر بە پارێزگای ئیلام، بە بۆنەی ١٧ی خەرمانان( ساڵوەگەڕی مووشەکبارانی قەڵای خۆڕاگری دێموکرات لە شاری کۆیە، لە لایەن تێرۆریستانی خامنەییەوە) و شەهیدبوونی ١٦کەس لە ئەندامانی ڕێبەریی و کادر و پێشمەرگەی حیزب،بە نووسینی دروشم و هەڵواسینی وێنەی شەهیدانی ئەو جینایەتەی ڕێژیم،جارێکی دیکە پەیمانی درێژەدانی ڕێگای ئەو شەهیدانە و هەموو شەهیدانی حیزب و گەلیان تازە کردەوە و سەلماندیان کە هەرچی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی بە نیسبەت کورد و کوردستان و حیزبی دێموکراتەوە زیاتر و توندتربێ، خەڵکی کورد بە ورە و هێزی زیاترەوە بۆ ئازادتی و سەربەستیی گەلەکەیان تێدەکۆشن و لەو ڕێگایەشدا ئامادەی هەموو نرخێکن.
لە لایەن کۆمیسیونیی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەستخۆشیی لەو هاوڕێیە بە ئەمەگ و بوێرانەمان لە شاری مەڵەکشاهیی ئیلام بەردەوامیی و تێکۆشان و سەرکەوتنی زیاتریان بۆ بە ئاوات دەخوازین.