هێرشی مووشەکیی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی میلیشیا حووسێیەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکانی عەرەبستان، بوو بەهۆێ کاردانەوەی توندی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە دژی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن.
ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، شەوی یەکشەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای ئاماژە بە هێرشی مووشەکیی بەردەوامی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر وڵاتی عەرەبستان و ئەو ناوچانەی کە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنییە و بووەتە هۆی بریندابوونی ٢ منداڵ و ڕووخانی چەندین خانوو وتی: ئەم کارەی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، هەوڵدانە بۆ تێکدانی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکە و بە تایبەتیی وڵاتی عەرەبستان ئێمە ئەم کردەوەیە بە توندی مەحکووم دەکەین.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەی بەیاننامەکەدا بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە هێرشی میلیشیا حووسییەکان بۆ سەر عەرەبستان گیانی ٧٠هەزار ئەمریکایی ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە وتی: میلیشیا حووسییەکان دەبێ بە زووترین کات هێرشەکانیان بۆ دەرەوەی سنوورەکانی یەمەن ڕابوەستێنن.
لە لایەکی دیکەوە بۆریس جانسۆن، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا وێڕای مەحکوومکردنی هێرشی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر خاکی عەرەبستان وتی: ئەم هەوڵانەی میلیشیا حووسییەکان نابەرپرسانەیە و بە یارمەتیی ڕێژیمی ئێران، سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەیان ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە کردوەتەوە و دەبێ بە خێراترین کات پێشیان پێبگیردرێ.