سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی یاسایی یەمەن دەڵێ: کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆکاری سەرەکیی وێرانی، خوێنڕشتن و کارەساتی مرۆیی لە وڵاتەکەمانە.
موعین عەبدولمەلێک، سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی یاسایی یەمەن، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ژان ماری، باڵوێزی فەرانسە لە یەمەن وتی: هێرشی میلیشیا حووسییەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هاووڵاتیان و دامەزراوە مەدەنییەکانی عەرەبستان پیشاندەری خوێنمژی و تێرۆریستبوونی ئەو گرووپەی سەر بە ڕێژیمی ئێرانە و سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە میلیشیا حووسییەکان هەموو هەوڵێک بۆ ئاشتی و سەقامگیریی لە ناودەبەن.
موعین عەبدولمەێک لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا وتی: دەوڵەتی یاسایی یەمەن بۆ گەیشتن بە ئاشتی و پێکەوە ژیان لەو وڵاتە هەموو کارێک دەکا بەڵام میلیشیا حووسییەکان بە بڕیاری بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران درێژە بە شەڕ و خوێنڕشتن دەدەن.
باڵوێزی فەرانسە، سەرەڕای جەختکردنەوە لە سەر ئەویکە وڵاتەکەیان هەوڵ بۆ سەقامگیری و ئاشتی ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆریزم دەدا وتی: فەرانسە بە هەموو توانایەوە پشتیوانیی لە دەوڵەتی یاسایی یەمەن دەکا.