دوای شەڕ و کێشە لەنێوان دوو بنەماڵەی کورد و تورک لە گوندی ساخسیتەپەی سەر بە شاری نەغەدە، پانتورکەکان هەوڵی چەواشەکاری دەدەن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی هەینی ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاویی، لە گوندی ساخسی تەپە ی شاری نەغەدە بەهۆی کێشە لەسەر زەوی و مڵک لەنێوان دوو بنەماڵەی کورد و تورک شەڕ دێتە ئاراوە .
تورکەکان داوای ڕێگایان بەنێو زەوی کەسێکی کورد بە ناو عەلی ئەحمەدی ناسراوە بە “خانە” دا کردووە و ناوبراویش ڕازی نابێ و تووشی شەڕ دەبن، لە ئاکامدا کەسێکی تورک بە نا وی “بێهنام ئەکبەریان” بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر خانە ئەحمەدی و ناوبراو دەکوژێ و چەند کەسی دیکەش بە ناوەکانی شێرزاد و لوقمان و مستەفا و سەلام و مەنسوور ئەحمەدی و جەلال کاکلە بریندار دەکا.
دوای ئەو ڕووداوە بکوژەکە لەلایەن هێزی ئینتزامیی ڕێژیمەوە دەگیرێ و دان بە کوشتنی خانە ئەحمەدیدا دەنێ . هەروەها ماڵە تورکەکانیش هەموو گوندەکە چۆڵ دەکەن و ئەمەش بووەتە بیانوو بۆ پانتورکەکان و لە پەیج و ئەکاونتەکانی ئینستاگرام و تەنانەت کاناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانی وەک گوناز تیڤی هەڕشە لە کوردەکانی نەغەدە دەکەن و تۆوی دووبەرەکیی لە نێوان کورد و تورکدا بڵاو دەکەنەوە.
شایانی باسە کە گوندی ساخسیتەپە ٧٢ ماڵە و ١٠ ماڵی تورکی تێدایە و سەدان ساڵە ئەو دوو نەتەوەیە بە شێوەی ئاشتییانە لەگەڵ یەکتر دەژین.