چالاکێکی خەڵکی بۆکان کە پووشپەڕی ئەمساڵ دەسبەسەر و دواتر بە بارمتە ئازاد کرابوو، لەلایەن دزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، شێرکۆ تابناک چالاکی خەڵکی بۆکان لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکای بۆکان بە سەرۆکایەتی دادوەر پەیمان ڕوستەمی سزای ٥ مانگ بەندکران و ٧ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بە سەردا سەپاوە.
شێرکۆ تابناک بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەت” لە ڕێگای بڵاو کردنەوەی وێنەی د.قاسملوو و ئەندامیەتی لە حیزبێکی کوردستانی دژبەری ڕێژیمی ئێران ئەو سزایە بە سەردا سەپاوە.
شێرکۆ تابناک کاتژمێر هەشتی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش چوار ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتیی و تا کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا، ئازاد کرا.
جێگای ئاماژەیە کە، مۆبایلی شێرکۆ تابناک و دایکی و تەبلێتی خوشکی و لابتۆبی براکەی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستی بەسەردا گیراوە و پاش مانگێک هێشتا ڕادەستیان نەکراوەتەوە.