باری تەندروستیی قادر محەمەدزاده بەندکراوی سیاسیی کورد کە ١٦ ساڵە بە بێ هەبوونی مافی مەرەخەسی بەندکراوە، لە سی و شەشەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنەکەیدا ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، قادر محەمەدزاده، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی بۆکان کە ئێستا لە کاتی تێپەڕاندنی شازدەهەمین ساڵی سزای بەندکرانەکەی خۆیەتی لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد، ماوەی ٣٦ ڕۆژە لەو بەندیخانەیە مانی لەخواردن گرتووە و باری تەندروستیی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
قادر محەممەدزاده بە هۆی مانگرتن لە خواردنی درێژماوە زەختی خوێن و هەروەها بەشێکی زۆر لە کێشی لەشی دابەزیوە و بۆ ئەنجامدانی زۆربەی کارە تاکەکەسییەکانی هاوبەندییەکانی هاوکاریی دەکەن.
قادر محەمەدزاده بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن بە بێبەش کرانی لە مافی مەرەخەسی و دەسبەسەردا گرتنی بارمتەکەی، لە ڕۆژی شەممە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوییەوە مانی لە خواردن گرتووە.
قادر محەمەدزاده ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٨٤ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر و دوای چەند مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازراوەتەوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە دوای ١٥ مانگ لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهاباد بە تۆمەتی موحاربە لەڕێگای ئەندامەتی لەیەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری رێژیم سزای سێدارەی بە سەردا سەپا کە ئەو سزایە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ بۆ ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد گۆڕدرا.