میلیشیا حووسییەکانی یەمەن لە چوارپارێزگای ژێر دەسەڵاتی خویاندا بە زۆری منداڵانی ژێر تەمەنی ١٨ساڵ چەکدار دەکەن و دەیانێرن بۆ بەرەکانی شەڕ لە پارێزگای مەرئەب.
ناوەندی پارێزگاری لە مافی منداڵان لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی شەممە ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاو بوەتەوە ڕایگەیاند کە لە درێژەی هێرشی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە بەرەکانی شەڕ لە پاریزگای مەرئەب، میلیشیا حووسییەکان بە زۆری منداڵانی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ چەکدار دەکەن و دەیانێرنە بەرەکانی شەڕ.
سەرچاوە خۆجێییەکانی یەمەن لەم بارەوە ڕایانگەیاندووە کە میلیشیا حووسییەکان لە پارێزگاکانی” حەجە، عەمران، زیمار و ئەب” زیاتر لە ٣٠٠ منداڵیان بە زۆرملێ چەکدار کردوە و بەڕێکراونەتە ئەو شوێنانەی کە لەوێ میلیشیا حووسییەکان شکستیان هێناوە.
بەرپرسانی دەوڵەتی یاسایی یەمەن لە پارێزگای مەرئەب بە ئاماژە بە ئاوارەبوونی هەزاران کەس لەو پارێزگایە داوایان لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کردووە کە چارەسەرێک بۆ ئاوارەکان کە بەهۆی شەڕەوە ناچاربوون ماڵەکانیان بە جێبهێڵن بدۆزنەوە.