سەرۆککۆماری ئێران لە یەکەمین وتووێژی تەلەفیزیۆنی خۆیدا پاش پێکهێنانی دەوڵەتی سێزدەهەم لەهەمبەر وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وتی: وتووێژ بۆ قازانجی کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژە پێدەدەین.
ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، شەوی شەممە ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە یەکەمین وتووێژی تەلەفیزیۆنی خۆیدا بەجەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە ئێمە وتووێژ بۆ وتووێژ ناکەین وتی: ئێمە هیچ ترسێکمان لە وتووێژکانی ڤییەن نییە بەڵام وتووێژ بە گوشارێکی زۆرەوە وتووێژ نییە و هیچ مانایەکی نییە، هەموو وڵاتانی ئورووپایی بە تایبەتی ئەمریکا گوشارێکی زۆریان خستوەتە سەر ئێران بۆ درێژەی وتووێژە ناوکییەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن.
ناوبراو لە درێژەی چاوپێکەوتنە تەلەفیزیۆنییەکەیدا وتی: من پێشتریش وتوومە وتووێژەکان بۆ گەیشتن بە ئاکامێکی دڵخواز یەکێکە لە کارە سەرەکییەکانی دەوڵەتی ئێمە، بەڵام ئەوەیکە لە ئێستادا ئێمە دەمانهەوێت نەمانی گەمارۆکانی سەر ئێرانە و ئێمە لە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەمان هەنگاوێکیش پاشەکشە ناکەین.
ئەم لێدوانەی ئیبراهیم ڕەئیسی پاش ئەوە کراوە کە ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی هەینی لە وتووێژێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاندبوو کە ئەمریکا ناتوانێ هەتاهەتایە چاوەڕێی بڕیاری ئێران بێ بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی وتووێژەکان و دووبارەکردنەوەی رێککەوتنی ناوکیی.