سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕێبەرانی یەهوودیی ئەمریکای باکوور، هەواڵی پێکهێنانی تیمێکی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکای بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پێشگرتن لە دەسپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکیی پشتڕاست کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی”ئیسرائیل تایمز” نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی هەینی ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا وتی: ئێمە نامانهەوێت ئەمریکا بۆ پاراستنی ئیسرائیل سەربازمان بۆ بنێرێ، ئێمە داوامان کردووە کە هاوپەیمانییەکی نێونەتەوەیی بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ شکستی ڕێژیمی ئێران پێکبهێنین لەبەرئەویکە ئیسرائیل و ولاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە هەڕەشەی گەورەیان لەسەرە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە ئاماژە بە چاوپێکەوتنی حەوتووی ڕابردووی لەگەڵ جۆبایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا، هەواڵی بەڵێنیی ئەمریکای بۆ پێشگرتن لە ئێرانی ناوکیی پشتڕاست کردەوە و وتی: ئەگەر ڕێککەوتنی ناوکیی دووبارە نەکرێتەوە و نەگا بە ئامانجی دڵخواز، ئەوە ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشیی پلانێکی دیکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران بەڕێوەدەبەن.
هەرلەم پێوەندییەدا نەفتالی بێنێت ڕایگەیاند کە جۆبایدێن ڕەزامەندیی خوی بۆ پێکهێنانی تیمێکی هاوبەش لە نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران و پێشگرتن لە دەسپێڕاگەیشتنی ئەو وڵاتە بە چەکی ناوکیی ڕاگەیاندووە.