ڕابێرت مالی، بە ئاماژە بەوەیکە درێژەی پێشێلکارییە ناوکییەکانی ئێران دەتوانێ گرفت بۆ وتووێژەکان ساز بکا، وتی: ئەمریکا ناتوانێ بەردەوام چاوەڕوانی ئیران بێ بۆ گەڕانەوەی ئەو وڵاتە بۆ سەر مێزی وتووێژەکان.
ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی هەینی ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ کاناڵێکی نێوخۆیی ئەمریکادا ڕایگەیاند کە تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک لەلایەن ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆماری ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی وتووێژە ناوکییەکان بە دەستمان نەگەیشتووە و ئێمە ناتوانین بەردەوام چاوەڕێ ئێران بین بۆ گەڕانەوەی ئەو وڵاتە بۆ سەر مێزی وتووێژەکان.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: لە کاتێکدا ڕێژیمی ئێران بەردەوامە لە بردنەسەری ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم و پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ناوکیی، رێککەوتن و وتووێژ هیچ مانایەکی نامێنێ و وتووێژەکانمان دەگا بە بنبەست.
ڕابێرت مالی لە درێژەی وتووێژەکەیدا وتی: ئەگەر ئیران لە وتووێژەکاندا مەبەستێکی جیاوازی هەیە، دەبێ ئێمەش بەجۆرێکی جیاواز لەگەڵ ئێران وتووێژ بکەین و ئەگەر ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی، ئەوە دەبێ پێبەند بێ بە بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی.