فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک ڕایگەیاند، کاریگەریی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی “هەسەدە” هەتاهەتایە دەمێنێتەوە.
مەزڵووم کۆبانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک (هەسەدە) بە “واشینگتۆن پۆست”ی وتووە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و کەوتنی خێرای حکوومەتی کابول وایکرد کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە هۆشیارییەوە لە دۆخەکە بڕوانن و هیوای چارەنوسێکی جیاواز بخوازن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆ بایدێن پێیوەندییەکانیان لەگەڵ واشینگتۆن باشتر بوون، دەشڵێت، ئەوان چاوەڕێ دەکەن سەقامگیریی باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت بەو مەرجەی ئەگەر ئەمریکا بەڵێنەکانی بباتە سەر.