یووسی کۆهێن، بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگری و زانیارییەکانی ئیسرائیل هوشداریی دەدا و دەڵێ: سیناریۆی چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بۆ عێراقیش دەکرێ دووبارە بێتەوە و ببێتە هۆی داگیرکردنی ئەو وڵاتە لەلایەن ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ” میدێل ئیست ئای” کۆهێن لە بابەتێکدا کە ڕۆژی هەینی ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی بڵاوبوەتەوە دەنووسێ: چوونەدەرەوەی بەپەلە و ناشارەزاییانەی خێرای ئەمریکا دەبێتە هۆی ڕووخانی تەواوەتی عێراق و لە ئاکامدا دەبێتە هۆی ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی ئەو ڕێژیمە لە عێراق دەسەڵاتی سیاسیی ئەو وڵاتە بەدەستەوە بگرن و پەرە بەکارە تێرۆریستییەکانیان بدەن
بەرپرسی پێشووی مووساد لە بەشێکی دیکە لە بابەتەکەیدا دەڵێ: ئیسرائیل دەبێ خوی بۆ رووخانی خێرای هەموو ناوچە باکوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاش چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بە دەستەوە گرتنی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئامادە بکا.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەیکە ئیسرائیل لەسەر دوو ڕێگەی چارەنووسسازدایە وتی: ڕێبەرانی ئیسرائیل دەبێ خویان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرنامە ناوکیی و چالاکییە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامادە بکەن.