یەکەمین مانۆڕی هاوبەشی دەریایی هێزی پێنجەمی دەریایی ئەمریکا و هێزی دەریایی ئیسرائیل لە چوارچێوەی بەرنامەی گونجاندنی ئیسرائیل لە پلانی سێنتکام لە دەریای سوور بەڕیوە چوو.
میدیاکانی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی ڕایانگەیاند کە نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە لە دیداری ڕۆژی هەینی ڕابردوو لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی جموجووڵەکانی ئێران لە ناوچەکە پرۆژەی پێکهێنانی (ناتۆی کەنداو)ی بە ئەمریکا پێشنیار کردووە.
ئەو مانۆڕە هاوبەشەی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دەریای سوور پاش گرژی و ئاڵۆزییە دەریاییەکانی ئەمدواییانە بووە کە لە نێوان ئێران و ئسیرائیلدا ڕوویانداوە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی (هیۆم)ی ئیسرائیل، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەو مانۆڕە هاوبەشە دەریاییەدا ڕاهێنانیان بۆ ڕوودانی ئەگەری هێرشە دەریاییەکان و چۆنیەتیی بەرگریی کردووە.
هەرلەم پێوەندییەدا ئەرتەشی ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە کە ئەم مانۆڕە هاوبەشە هەنگاوی یەکەم بووە لە چوارچێوەی پلانی هاوبەش و چالاکیی ئەرتەشی ئیسرائیل لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە کە بەهێزکردنی ڕێوشوێنە ئەمنیی و دەریاییەکان، بە ئامانجی پاراستن و سەقامگیریی ناوچەکە بەشێکە لە هاوکاریی قۆناغی نوێی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی میدیایی (کان) لەو پرۆژەیەی ئیسرائیلدا وڵاتە عەرەبییەکانی کەنداو و هەروەها ئۆردون، دەبنە ئەندامی (ناتۆی کەنداو)، هاوکات پێشنیاری ئەوەش خراوەتە ڕوو کە ئەندامانی کەنداوی ناتۆ بە چەکوچۆڵی نوێ و پێشکەوتوو تەیار بکرێن.