گرووپی تاڵیبان بە ئاماژە بەوەیکە بە زووترین کات حکوومەتی نوێی ئەفغانستان ڕادەگەیێنین لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە هوبەتوڵا ئاخوندزادە ڕێبەریی دەوڵەتی نوێی ئەفغانستان بە دەستەوە دەگرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی” واشینگتۆن پۆست” گرووپی تاڵیبان ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کابول، پێتەختی ئەفغانستان، سەرەڕای ئاماژە بە بەردەوامیی هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی پەنجشێر ڕایانگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەیەکی گشتییدا بە فەرمیی ڕایدەگەیێنین کە هوبەتوڵا ئاخوندزادە، وەکوو ڕێبەری گرووپی تاڵیبان، ڕێبەریی ئەفغانستان بە دەستەوە دەگرێ.
شایانی باسە کە هەرێمی پەنجشێر تەنیا هەرێمێکە لە هەرێمەکانی ئەفغانستان کە تا ئێستا گرووپی تاڵیبان نەیتوانیوە دەستی بەسەردا بگرێ و لەلایەن هێزەکانی ئەحمەد مەسعوود ڕووبەڕووی بەربەرەکانێی زۆر قورس بوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی گرووپی تاڵیبان بۆ سەر هەرێمی پەنجشێر، یەکێک لە فەرماندەکانی تاڵیبان سەرەرای ئاماژە بە شکستی وتووێژەکان داوایان لە خەڵکی ناوچەی پەنجشێر کردووە کە ڕێبەرانی بەرەی بەرگریی بێننە سەر ئەو باوەڕەی کە لەگەڵ گرووپی تاڵیباندا بگەنە ڕێککەوتن و درێژە بە وتووێژەکان بدەن.