ئیبراهیم ڕەئیسی بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان لەهەمبەر گرانی و نەبوونی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان دەڵێ: هیچ جۆرە کیشە و نیگەرانییەکمان نییە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆبوونەوەی کابینەی دەوڵەتدا بەئاماژە بە نیگەرانییەکان لەهەمبەر کەمیی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان وتی: کۆگاکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان جێبەجێ کراوە و دەبێ هەموو ئۆرگانە دەوڵەتییەکان چاوەدێریی بازاڕ بکەن ئێزن نەدەن کە نرخی پێداویستییەکانی ژیان زۆر بەرز بێتەوە.
ئەم چەواشەکردنی ڕاستییانە لەلایەن “ڕئیسی”یەوە لە کاتێکدایە کە مەنسوور پووریان، بەرپرسی شۆرای دابینکردنی گۆشتی سوور لە ئێران لە وتووێژێکدا بە “تجارەت نیوز”ی ڕاگەیاندووە کە گرانبوونی نرخی گۆشت بوەتە هۆی ئەویکە لە سەتا ٥٠ی خەڵک نەتوانێ گۆشت بۆ سەر سفرەی مالەکانیان دابین بکا.
لەلایەکی دیکەوە محەممەد میر ڕەزەوی، بەرپرسی سەندیکای پیشەیی خواردنی ئامادەی ئێران، هەواڵی نەمانی (ماسیی قوتوو) لە سەر سفرەی هاووڵاتییان بەهۆی گرانییەوە پشتڕاست کردەوە و وتی: زیاتر لە سەتا ٥٠ی خەڵکی ئێران بەهۆی گرانبوونی نرخی ماسی ناتوانن تەنانەت یەکدانە ماسی کە پێداویستییەکی سەرەکیی ژیانی خەڵکە بۆ ژەمەخواردنەکانیان دابین بکەن.