لە کاتێکدا وڵاتانی ئاڵمان و فەرانسە، داوایان لە ئێران کردووە کە بە خێراترین کات بگەڕێتەوە سەر وتووێژەکان، ئیسرائیل داوا لە کومەڵگەی جیهانیی دەکا بە جێگەی وتووێژ بو دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی، دەبێ ڕێکارێکی جێگرەوەیان هەبێ.
یائێر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بەئاماژە بەوەیکە دەبێ تاران هەست بە هەڕەشەیەکی گشتیی و کۆدەنگییەکی جیهانی بکا وتی: کۆمەڵگەی جیهانیی دەبێ پلانێکی جێگرەوەی بە جێگای ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئێران هەبێ.
هەرلەم پێوەندییەدا”ژان ئیۆ لۆدێریان” وەزیری دەرەوەی فەرانسە ڕۆژی چوارشەممە، سەرەڕای دەربرینی نیگەرانییەکانی وڵاتەکەی لەهەمبەر پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ناوکیی لەلایەن ئێرانەوە و خێراترکردنی پیتاندنی ئۆرانیۆم لەلایەن ئەو وڵاتەوە، داوای لە ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کردووە کە بە خێراترین کات بگەڕێنەوە سەر میزی وەتووێژەکان.
هاوکات و لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان، بە ڕاگەیاندنی ئەوەیکە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بێ ئاکام نامێنێتەوە داوای لە ئێران کردووە کۆتایی بە پێشێلکارییەکانی بێنێت و زۆر بە خێرایی بگەڕێتەوە بۆ وتووێژەکان.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە درێژەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لەهەمبەر هەناردەکردنی سووتەمەنیی لە ئێرانەوە بۆ لوبنان وتی: ئەو جۆرە هەناردەکردنەی ئێران کێشە بۆ ئەمنییەت و ئاسایشی وڵاتانی دورووبەر ساز دەکا و دەبێ بە چاوی ئەمنییەتیی سەیری ئەم هەوڵانەی ئێران بکرێ.