بە ڕووخانی دەوڵەتی ئەفغانستان و بە دەستەوەگرتنی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە و هەروەها چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ئەفغانستان و بە جێهێشتنی کەرەستە سەربازییەکان و دزینی ئەو کەرەستە سەربازییانە لەلایەن ئێرانەوە نیگەرانییەکی جیهانیی دروست کردووە.
بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە ئێران و ئەفغانستان، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی بەبڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆگەلێک باس لە دزینی چەکوچۆڵ و ماشینی سەربازیی و تانکە شەڕکەرەکانی ئەرتەشی ئەفغانستان و گواستنەوەیان بۆ تاران دەکەن.
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆگەلە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وێنەگەلێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر بڵاوبوەتەوە و دەیسەلمێنێ کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای “سمنان-گەرمسار”ەوە ماشین و تانکە سەربازییەکانی ئەرتەشی ئەمریکا کە درابوون بە ئەرتەشی ئەفغانستان، دەگوازێتەوە بۆ ئێران.
هەرلەم پێوەندییەدا “بسمیلا محەممەدی” بەرپرسی پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان، بەبڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە لاپەڕەی فەرمیی خوی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر بە ئاماژە بە دزینی کەرەستە و ماشینە سەربازییەکانی ئەرتەشی ئەفغانستان لەلایەن ئێرانەوە نووسی: ئێران دراوسێکی باش نەبووە بۆ ئەفغانستان و دڵنیا بن کە ڕۆژە ناخۆشەکانی ئەفغانستان بەردەوام نییە و کۆتایی پێ دێ.