پاش زیاتر لە ٣٥ ڕۆژ لە دەسبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە ٣٥ ڕۆژ لە دەسبەسەر کرانی چیا ئاقابەیگپوور تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی “ڕەحیم خان” سەر بە شاری بۆکان، هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئاقابەیگ پوور لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە چیا ئاقابەیگ پوور دوای دەسبەسەر کران بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ گوازراوەتەوە و تا ئێستا لەگەڵ بنەماڵەکەی پێوەندی نەگرتووە.
چیا ئاقابەیگ پوور کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای بۆکان دەسبەسەر و بۆ ورمێ گوازراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیک بە ٤٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی ئیبراهیم تاریمورادی تەمەن ٥٦ ساڵ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە، تا ئێستا بە شێوەی نایاسایی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگیراوە.
ناوبراو نەخۆشینی زەختی خوێن و شەکرە و هەروەها نەخۆشینی دڵی هەیە و تا ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە دەرمانە تایبەتەکانی خۆی بێبەش کراوە و ئەم بابەتە دڵەڕاوکەیەکی زۆری بۆ بنەماڵەکەی دروست کردووە.
جێگای ئاماژەیە کە لە ماوی نزیک بە ٤٠ ڕۆژی ڕابردوودا ئیبراهیم تاریمورادی لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و تەنیا دووجار لە رێگای تەلەفۆن و بۆ ماوەیەکی زۆر کەم توانیویەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی قسە بکا.