هاوکات لەگەڵ هاتنەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان ، ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانییەکانی خۆی لەهەمبەر کارەساتی مرۆیی و ئابووری لە ئەفغانستان دەربڕی و رایگەیاند کە زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئەفغانستان پێویستیان بە یارمەتییە مرۆییەکانە بۆ زیندوو مانەوە.
ئانتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە خەڵکی ئەفغانستان بەهۆی شەڕەوە تووشی کێشەیەکی گەورەبوون و بەهاتنەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە بارودۆخیان زیاتر ڕووی لە مەترسیی کردووە و لە ئێستادا زیاتر لە ١٨ میلیۆن کەس لە ئەفغانستان بۆ زیندوو مانەوە پێویستیان بە یارمەتییە مرۆییەکانە و لە هەر سێ کەسی ئەفغانی یەک کەسیان ناتوانێ ژەمە خواردنێک دابین بکا.
ناوبراو بە ئاماژە بە بارودۆخی نالەباری منداڵان لە ئەفغانستان وتی: کارەساتێکی مرۆیی لە ئەفغانستان ڕوویداوە و زیاتر منداڵان و ژنانی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە، هەر بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی جیهانیی دەکەم کە یارمەتییە مرۆییەکانیان بگەیەننە دەس خەڵکی ئەفغانستان و پێش لەو کارەساتە بگرن.